کۆمەڵەی دڵ لە ئەمریکا: دوای ساڵێک وازهێنان لە جگەرە کێشان لوولەکانی خوێن لە نیکۆتین پاکدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
جگەرە و نێرگەلەکێشان هەرچەندە زیانی زۆربێت و وازهێنانیش لێی سەخت بێت، بەڵام ئیرادەی مرۆڤ بەهێزترینە. پسپۆڕێکی وردی کۆئەندامی هەناسەدان باس لە ماوەی وازهێنان لە جگەرە کێشان و نیشانەکانی دوای وازهێنانی دەکات.
د. کامەران قەرەداخی، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە باس لەوە دەکات، "بەگوێرەی هەموو توێژینەوەکان ئەو مادانەی بۆ وازهێنان لە جگەرە کێشان بەکاردەهێنرێن، چوار بۆ 12 هەفتەی دەوێت؛ لەبەرئەوە زۆر گرنگە ئەو کەسەی راستەوخۆ واز لە جگەرەکێشان دەهێنێت بزانێت ئەم نیشانانەی لێی دەردەکەون بریتین لە: کەم خواردن، کەم خەوی، توڕەبوون و بێتاقەتی بۆیە دەبێت بەرگەیان بگرێت. هەروەها هەندێک کەس وردە وردە واز لە جگەرە کێشان دەهێنێن و ئەوان شەش بۆ 12 هەفتەیان دەوێت."
دکتۆر کامەران باس لەوە دەکات، "هەر کەسێک پێش 40 ساڵی واز لە جگەرە کێشان بهێنێت بێگومان سییەکانی بەرەو چاکبوونەوەی یەکجارەکی دەڕۆن. ئەو کەسانەش پێش تەمەنی 18 ساڵی دەست بە جگەرە کێشان دەکەن تاوەکو 50 ساڵی، ئەوە زۆرترین زیانیان پێدەگات."
بە گوێرەی کۆمەڵەی دڵ لە ئەمریکا و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، دوای وازهێنان لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە؛ چەند گۆڕانکارییەکی دەروونی و جەستەیی روودەدەن، بەجۆرێک
- دوای 20 خولەک لێدانی دڵ رێک دەبێتەوە
- دوای 8 کاژێر؛ ئاستی ئۆکسجین ئاسایی دەبێتەوە و کەسەکە هەست بە ئاسوودەیی لە هەناسەدان دەکات.
- دوای 48 کاژێر؛ سییەکان پاکدەبنەوە و بۆنکردن و تامکردن ئاسایی دەبنەوە.
- دوای 3 بۆ 9 مانگ؛ کۆکە و هەناسەتەنگی نامێنن و چالاکیی سییەکان 10٪ زیاددەکات.
- دوای یەک ساڵ؛ ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە کەمدەبێتەوە و لوولەکانی خوێن لە نیکۆتین پاکدەبنەوە.
ئەمە کەسێکە کە وازی لە جگەرەکێشان هێناوە و بەم شێوەیە گۆڕانکارییەکانی لەخۆیدا بینیوە؛
ئەحمەد عەباس، هاونیشتمانیێکە و لەبارەی زیانەکانی جگەرە کێشان ئاماژە بەوە دەکات، "جگەرە کێشان زۆر خراپە، هەناسەت تووند دەبێت، هیلاک دەبیت، بۆنێکی ناخۆشت لێدێت، هەتا جلوبەرگیشت بۆنی لێدێت. تەنانەت کەسێک جگەرە نەکێشێت، لێت ئەچێتە دواوە و لەو شوێنەی جگەرەی لێ ئەکێشیت بۆنێکی ناخۆشی لێدێت، هیوادارم هەموو کەسێک ئیرادەی بەهێز بێت، ئەمە بە ئیرادە دەکرێت. جەستەیەکی رێکو پێکم هەیە و بە رێگا دا دەڕۆم هەناسەم تووند نابێت، کەس لێم ناچێتە دواوە."
جگەرە و نێرگەلە وازیان لێنەهێنیت، دەتکوژن، کەواتە یان مەیانکێشە، یانیش بۆ وازهێنان لێیان، سەردانی کلینیکی ئەنتیتۆباکۆ بکە.