تێکشکانی پردی زارگەلی لە سۆران زیانی بە چێشتخانەکان گەیاندووە
رووداو دیجیتاڵ
پارچە شکاوەکانی پردی زارگەلی چاککرانەوە، بەڵام تێشکانی پردەکە زیانی بە خاوەن چێشتخانەکان گەیاندووە. خاوەن چێشتخانەیەک دەڵێت: "شکاندی پردەکە رۆژانە زیانی ملیۆنێک دیناری لێداوین."
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکە دا دەردەکەوێت، چێشتخانە و فرۆشگاکانی سەر رێگەی گەلی عەلی بەگن. زۆربەیان داخراون و قوفڵ لە دەرگەکانیان دراوە.
خاوەن چێشتخانەکان بەدیار رێگەیەکی چۆڵ لە چاوەڕوانیی چاککردنەوەی ئەو پردەن کە هەشت رۆژە تێکشکاوە و بووەتە هۆکاری بێ بازاڕیی ئەوان.
سەلیم ئەحمەد، خاوەن چێشتخانەیەکە و دەڵێت: "ئێمە چاوەڕێی ئەو سەرە ساڵە بووین کە ئیشێک بکەین، بەڵام بەداخەوە رووداوی تێکشکانی ئەو پردە روویدا، رێکارەکانی گرتنی رێگاکەش کە لە بازگەکەوە بەربەست داندراون، زۆرتر کاریگەریی لە ئێمە کرد."
عەزیز عۆدە، خاوەن چێشتخانەیەکی دیکەیە و دەڵێت: "ئەو چێشتخانانە هەموو رۆژێ هەریەکەی یەک ملیۆن دینار زەرەر دەکەن. ئەگەر گەشتیار بێن، من رۆژانە یەک ملیۆن دینار قازانج دەکەم، دوێنێ خواردنم هەمووی فڕێداوە کە بایی ملیۆنێک دینار دەبوو چونکە رێگا داخرابوو."
زیانەکانی تێکشکانی پردی زارگەلی زۆرن و کاریگەرییەکەی بە روونی بەسەر چۆڵبوونی شوێنە گەشتیاریەکانیشەوە دیارە.
ئەمە جگە لە دوورکەوتنەوە و قورس بوونی هاتن و چوون لە نێوان هەولێر و سۆران.
بۆ دروستنەبوونی ئاستەنگیی هاتووچۆ، جووڵەکردنی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان سنووردار کراوە و تەنیا لە شەودا رێگەیان پێدەدرێت هاتووچۆ بکەن.
ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان ریزی درێژیان بەستووە؛ رێگەی نزیکیان لێ دووربووەتەوە و قەرەباڵخی زیانی بەوانیش گەیاندووە.
رێباز کاکە، شوفێری بارهەڵگرە و دەڵێت: "ئۆتۆمبێل هەبووە لە یەک گەشت دا دوو جار تایەی تەقیوە، رێگاکە زۆر ناخۆش بووە. کاتی زیاترمان دەوێت، ئەگەر قەرەباڵخی بێت، نزیکەی کاژێر و نیوێک درەنگتر لە جارانی پێشوو دەگەین."
تیمەکانی رێگاوبان دوای هەشت رۆژ توانیویانە پارچە شکاوەکانی پردەکە چاکبکەنەوە. هێشتا کاری زیاتر ماوە، هەڵگرتنی قیری سەر پردەکە و سەرلەنوێ قیرکردنەوەی سەر پرد لانیکەم دوو رۆژ تا چوار رۆژی دیکەی دەوێت.