هەسەدە تێکشکاندنی هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە نزیک بەنداوی تشرین رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، لە چەندین قۆڵەوە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیای لە نزیک بەنداوی تشرین لە سنووری منبجی پارێزگەی حەلەب تێکشکاندووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بە بەشداریی دەیان ئەندامی ئۆزبەکی، تورکستانی و شیشانیی رێکخراوی حوراسوددین، داگیرکاری تورک و چەتەکانی هێرشێکی سەختیان کردە سەر گوندەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی شاری منبج لە دەوروبەری بەنداوی تشرین. هێزەکانمان بەرپەرچی هێرشەکانیان دایەوە و دەیان چەتەیان کوشتن و بریندارکردن."
هاوکات روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بارەگەکەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە و لە سەرانسەری سووریا و رۆژئاوای کوردستان پەیامنێری هەیە، دەڵێت، لەو هێرشانەدا "23 چەکداری سەر بە تورکیا کوژراون و دەکرێت ژمارەکە بەرزتریش بێتەوە، چونکە 18ی دیکەیان بە ئاستی جیاجیای مەترسی، بریندارن."
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی شەوی پێنجشەممەی رێکخراوە چاودێرەکە، "ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج"ی سەر بە هەسەدەش کوژراوە.
ئەو گرووپە چەکدارانەی لە لایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن، لە دوای رووخانی بەشار ئەسەدەوە، واتە لە 8ی کانوونی یەکەمەوە، هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزە زۆرینە کوردییەکە چڕکردوونەتەوە.
رۆژێک دوای رووخانی بەشار ئەسەد، هەسەدە بە رێککەوتن لە شاری منبج کشایەوە و شارەکە کەوتە دەستی گرووپە چەکدارەکان کە لەو کاتەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بەنداوی تشرینیش دەدەن، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبوون.
هەسەدە لە راگەیێندراوەکەی رۆژی پێنجشەممەیدا دەڵێت: "بەیانیی ئەمڕۆ، بە پشتیوانیی پێنج درۆنی داگیرکاری تورک و تانک و زرێپۆشی پێشکەوتووی تورکیا، گرووپی چەتەکان هێرشی سەختیان کردە سەر گوندەکانی عەتشانە، سەعیدەین تەلە سیریاتێل و عەلوش لە باشوور و رۆژهەڵاتی شاری منبج. شەڕڤانەکانمان توانییان هەموو ئەو هێرشانە تێکبشکێن و دەیان چەتەیان کوشتن و شەش زرێپۆشیان تێکشكاندن لە نێویاندا تانکێک."
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەو زانیارییانە پشتڕاستدەکاتەوە.
بە گوتەی هەسەدە، دوای تێكشکاندنی ئەو هێرشانە، تورکیا بە بەکارهێنانی درۆن، هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر هێزەکانیان لە بەنداوی تشرین و دەوروبەری زیادکردووە. هەسەدە دەڵێت: "ئەم هێرشانە زیانی گەورەیان بە بەشەکانی بەنداوەکە گەیاندووە و مەترسیی گەورەیان بۆ سەر دیواری بەنداوەکە دروستکردووە."
هاوکات نێوەندی راگەیاندنی هەسەدە ڤیدیۆی تێکشکاندنی زرێپۆشێکی تورکیای لە باشووری منبج لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراو بڵاوکردەوە.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ باس لەوە دەکات، هەسەدە لە نزیک شاری کۆبانێ درۆنێکی تورکیای خستووەتە خوارەوە.