لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پۆلیسێک کوژرا

03-01-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریدا لە شاری بۆکانی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، پۆلیسێک کوژرا.
 
رەحیم جەهانبەخش، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، شەوی سێشەممە 02-01-2024 لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ دەستگیرکردنی کەسێکی تێکدەری ئاسایش، پۆلیسێکیان بە سەختی بریندار بووە و دواتر لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەکەی گیانی لەدەستداوە.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ گوتیشی، "لە چوارچێوەی پڕۆژەی دابینکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و داخوازیی خەڵک، هێزەکانی بنکەی ژمارە 12ی پۆلیسی قەزای بۆکان بە مەبەستی دەستگیرکردنی کەسێکی تێکدەری ئاسایش، بەرەو گەڕەکێکی شارەکە دەچن و لەنێوان هێزەکانی پۆلیس و ئەو کەسەدا رووبەڕووبوونەوە روودەدات."
 
بە گوتەی جەهانبەخش، "لە رووبەڕووبوونەوەکەدا، سەربازێک بەناوی شاهین خوسرەوی بە سەختی بریندار دەبێت و بۆ نەخۆشخانە دەگوازرێتەوە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەی گیانی لەدەستدا."
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ دەڵێت، تۆمەتبارەکە توانیویەتی لەدەست هێزەکانی پۆلیس هەڵبێت، ئێستاش هێزەکانیان هەوڵدانەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسە.
 
بۆکان شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە دەکەوێتە باشووری پارێزگای ورمێ و بەپێی دوایین سەرژمێری فەرمێی ئێران کە لە ساڵی 2016 کراوە، ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 251 هەزار کەسە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە