سوپای عێراق لە گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک نەکشاوەتەوە و گوشاری بەرپرسانی کورد ئەنجامیان نەبووە
رووداو دیجیتاڵ
دوو رۆژە هێزێکی سوپای عێراق، لەنێو کۆڵانەکانی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکووک بڵاوەیان پێکراوە. وێڕای گوشاری بەرپرسانی کورد لە بەغدا، هێزەکە هێشتا بەشێکی زۆریان بەچەکی قورسەوە جێگیربوون و جووڵەی بەردەوامیان هەیە.
مام فەخرەددین 20 ساڵە لەم گەڕەکە نیشتەجێ بووە، سێ جاریش خانووەکەی نۆژەنکردووەتەوە و دەڵێت، "گەڕەکەکە بووەتە سەربازگە و هەوڵی دەرکردنمان دەدەن."
فەخرەددین عەلی، دانیشتوویەکی گەڕەکی نەورۆزە و بە رووداوی گوت، "هێزەکە نەکشاونەتەوە، ژمارەیەک خانوویان داگیرکردووە و هەمەریش دێت و دەچێت وەکو ئەوە وایە سەربازگە بێت، هەموو خانووەکان ژمارەیان لێداوە تاوەکو سبەی بێن و بڵێن خاوەن ئەو ژمارانە سەردانمان بکەن و بڵێن ئەوە بۆ لەنێو ئەو خانووانە نیشتەجێ بوون."
لە دژی گوشارەکانی سوپا و هەوڵی دەرکردنیان، بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە گردبوونەوە، ناڕەزاییان دەربڕی و دەڵێن، "خانووەکان چۆڵ ناکەین و ئێرە جێناهێڵین."
ئەحمەد ستار، دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکی نەورۆزە و گوتی، "لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە ئەمە جاری یەکەمیان نییە دێنە سەر ئێمە، زۆر هەوڵیاندا بە رێگەی یاسایی لە دژمان بوەستنەوە، نەیانتوانی بۆیە ئێستا دەیانەوێت بەزەبری هێز خەڵک ناچار بکەن بڕۆن، ئێمە دڵنیایان دەکەینەوە خەڵک ئێرە جێناهێڵێت و چۆڵی ناکات."
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دەرکردنی ئەو هێزە قسەیکردووە و گۆشارێکی زۆر دروستکراوە، بەڵام هێزەکە دەستی بەسەر حەوت خانووی چۆڵداگرتووە و سەربازی تێدا جێگیرکردووە.
رەوەند مەلا مەحموود، لێپرسراوی مەڵبەندی 2ـی یەکێتی بە رووداوی گوت، "ئێمە لە سەرۆکایەتیی کۆمار، وەزیر و پەرلەمانتاران هەموویان لە هەوڵدان و بەگژی ئەو بابەتەدا چوون، بەدڵنیاییەوە ناهێڵین ئەم بابەتە بۆ ئەوان سەربگرێت، دوێنێ هەمەریان لێرە هەبوو و ئەمڕۆش هەندێک میکزمینی بڵاوەیان پێکراوە."
پێش ساڵی 2003 ئەفسەرانی ئەو کاتی سوپای عێراق، لەم گەڕەکە نیشتەجێ ببوون، بەڵام دواتر بەبڕیاری پۆڵ برێمەر، حاکمی مەدەنی ئەو کاتی عێراق، زەوی خانووەکانی ئەو گەڕەکە خرایە سەر وەزارەتی دارایی و ئاوارە گەڕاوەکانی کەرکووکی تێدا نیشتەجێ بوون.