دوو وێنەی جیاواز لە هەرێمی کوردستان؛ لە دوو پارێزگا تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەمە و لە دووانی دیکە بایکۆت

03-01-2024
پێشەوا بەختیار
قوتابییەک لەکاتی وانە خوێندن. وێنە: رووداو
قوتابییەک لەکاتی وانە خوێندن. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

لە نیوەی هەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەمە و لە نیوەکەی دیکەی بایکۆت بەردەوامە. نوها لەجیاتیی ئەوەی لە قوتابخانە هێڵی فێربوون و گەیشتن بە ئامانج و خەونەکانی بکێشێت، لەگەڵ هاوڕێکانی لە گەڕەکی عەواڵی سلێمانی لە کۆڵان هێڵی کات بەسەربردن دەکێشێت.
 
هەرچەندە دەرگەی قوتابخانەکەیان بەڕوودا داخراوە، بەشێک لە قوتابییان رۆژانە لەسەر دیوارەوە هەوڵی گەیشتن بە پۆلەکانی قوتابخانەکەیان دەدەن، بەڵام بایکۆتە. نوها میران، قوتابی (سلێمانی) دەڵێت، "هەستێکی زۆر ناخۆشم هەیە کە قوتابخانە نییە، حەز دەکەم بکرێتەوە، ئەوە ئەم ساڵ هەر نەچووم و فەوتا. تکا دەکەم، مامۆستاکان بگەڕێنەوە خوێندن."
 
سۆما عومەر، قوتابی (سلێمانی) ئاماژە بەوە دەکات، "منداڵ لەبەر ئەوەی قوتابخانە نییە، هەر خەریکی مۆبایلە لە ماڵ؛ شتی لەبیر چووەتەوە." پرووشە ئەنوەر، قوتابییەکی دیکەیە و دەڵێت، "بەخوا زۆر ناخۆشە کە قوتابخانە نییە، ساڵێکە نەڕۆشتووین بۆ قوتابخانە، شتمان لەبیرچووەتەوە، زیرەکیمان نەماوە."
 
لە هەولێر دۆخەکە پێچەوانەیە و تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەمە. قوتابی و مامۆستا دەڵێن، یەک چرکەیش کاتی دەوامیان دوانەکەوتووە، قوتابییەکان بە هیوای بەدەستهێنانی نمرەی بەرز بەشدارییان تێدا کردووە.
 
سۆزیار سەمیر، قوتابی (هەولێر) دەڵێت، "داوا دەکەم مامۆستایانی سلێمانی بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن لەپێناو بەرژەوەندیی قوتابییەکانیان."
 
پەروەردەی سلێمانی، بۆ کاتی دەستپێکردنەوەی خوێندن، چەند پێشنیازێکی کردووە، کە بریتین لە درێژکردنەوەی کاتی خوێندنی رۆژانە و کەمکردنەوەی پرۆگرام، جگە لە قۆناخەکانی 1 تاوەکو 3ی بنەڕەتی و پۆلی 9 و 12 لەگەڵ درێژکردنەوەی ساڵنامەی خوێندن، بەڵام ئەویش زۆر نا، چونکە فێنککەرەوەی پێویستیان بۆ وەرزی گەرما نییە.
 
لەتیف حەسەن، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، "هەموو کارێک دەکەین کە لە سوودی قوتابی بێت و ئامادەکاریمان بۆ کردووە."
 
مامۆستایانی وانەبێژ و ناڕازی لە دوایین پەیامیاندا رایانگەیاند، بایکۆت درێژەپێدەدەن و ناچنەوە هۆڵەکانی خوێندن تاوەکو تەواوی داواکانیان جێبەجێ دەکرێت.
 
لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین، لە کۆی 320 قوتابخانەی ئامادەیی، 219یان تەنیا پۆلی 12 دەوام دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".