بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان: 5407 کەس لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان راگیراون

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماری راگیراوانی سەرجەم چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023 ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "ئێستا پێنج هەزار و 407 کەس لە سەرجەم چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان راگیراون".
 
رۆژی چوارشەممە 3ـی کانوونی دووەمی 2023 ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکەیانی بۆ ساڵی 2023 خستەڕوو و گوتی، "لە ساڵی 2023 حەوت هەزار و 378 سزادراو براونەتە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان و هاوکات شەش هەزار و 529 کەسیش لەو چاکسازییانەدا ئازادکراون".
 
ئیحسان عەبدولڕەحمان دەڵێت، ئێستا 402 خوێندکار لەنێو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا بەردەوامن لە خوێندن و لە ماوەی ساڵی 2023 لە سەرجەم چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، 62 هەزار و 252 جار سەردانی کتێبخانەی گشتیی نێو چاکسازییەکان کراوە".
 
لەبارەی خزمەتگوزاریی تەندروستی لەنێو چاکسازییەکاندا، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە ماوەی ساڵی 2023 راگیراوان 54 هەزار و 331 سەردانیان بۆ بنکە تەندروستییەکانی نێو چاکسازییەکان هەبووە" و دەشڵێت: "599 کەس لەنێو چاکسازییەکاندا کاریان کردووە و 287 کەسیش مۆڵەتی کاتی بۆ چوونەوە ماڵیان پێدراوە".
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ساڵی 2023 لەنێو چاکسازییەکاندا 105 خول بۆ کارمەندان کراوەتەوە و 276 سیمینار و وۆرکشۆپ بۆ کارمەند و سزادراوان بەڕێوەچووە.
 
ئیحسان عەبدولڕەحمان دەڵێت، "ساڵی 2023 هەزار و 171 كەس بە مەرج ئازاد كراون، ئێستا پێنج هەزار و 407 کەس لەنێو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان راگیراون".