وەزارەتی شەهیدان: دۆسیەی نزیکەی 1000 شەهید لە وەزارەتی پێشمەرگە گەڕاوەتەوە

03-01-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
رووداو - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون رایگەیاند، تەنیا لە وەزارەتی پێشمەرگە دۆسیەی نزیکەی هەزار شەهید گەڕاوەتەوە سەر وەزارەتی کاروباری شەهیدان، گەڕاندنەوەی دۆسیەی شەهیدانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆش بەردەوامە. 
 
رۆژی سێشەممە 3-1-2023، عادل مەلا ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: گەڕاندنەوەی دۆسیەی ئەو کەسانە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕگە و مادەکانی یاسای چاکسازیی ژمارە 2ی ساڵی 2020ـە، چونکە یەکێک لە بڕگەکانی یاسای چاکسازیی تایبەتە بە گواستنەوەی سەرجەم دۆسیەی شەهیدان لە هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی کاروباری شەهیدان، بەتایبەتی دۆسیەی شەهیدان لە وەزارەتەکانی ناوخۆ، پێشمەرگە، ئاسایش و دژەتیرۆر. 
 
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان، بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای چاکسازی تایبەت بە گەڕاندنەوەی دۆسیەی شەهیدان چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ کردووە، تائێستا تەنیا لە وەزارەتی پێشمەرگە نزیکەی هەزار دۆسیەی شەهیدان گەڕێندراوەتەوە وەزارەتی کاروباری شەهیدان. 
 
عادل مەلا ساڵح گوتیشی، پڕۆسەی گەڕاندنەوەی دۆسیەی شەهیدان لە وەزارەتی ناوخۆش بەردەوامە و لە چەند مانگی داهاتوودا کەمتر لە هەزار دۆسیەی دیکە دەگەڕێندرێنەوە سەر وەزارەتی کاروباری شەهیدان.
 
بە گوتەی گوتەبیژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان: "ئەو کەسانەی دۆسیەکانیان لە وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەن لە شەڕی دژی داعش شەهید بوون و هەر لەوکاتەوە دۆسییەکانیان لەو دوو وەزارەتە ماوەتەوە، بەڵام دوای دەرکردنی یاسایی چاکسازیی بڕیاردرا دۆسییەکانیان بگەڕێندرێتەوە سەر وەزارەتی شەهیدان، بەڵام بەهەمان مووچە و دەرماڵەی خۆیان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە