لەسەر لێدان لە قوتابییەک لە کۆیە وەزارەتی پەروەردە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنێت


رووداو دیجیتاڵ 
 
رامیار تەمەنی 11 ساڵانە، بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیەی شاری کۆیە کە لێی دەخوێنێت بە بۆکس، شەق و زلـلە لێی دەدات تاوەکو میز بەخۆیدا دەکات لەهۆش خۆی دەچێت، هۆکاری لێدانەکەشی ئەوەیە گوایە فیکەی لێداوە. ئەم رووداوە رۆژی دووشەممە 02-01-2023 روویداوە، بەهۆی ئازاری برینەکانی جەستەی دوو رۆژە نەچووەتەوە قوتابخانە. 
 
رامیار غازی، ئەو قوتابییەی لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیەوە لێی دراوە، دەڵێت: هەر لەمنیدا لەپشتەوە منی هێنا و دامی بە زەوییەکەدا، بەشەق منی بردە لای بۆردەکە، بەشەق لە پشتی دەدام، دوایی لەترسان میزمکرد بەخۆمدا. 
 
دوای لەهۆشخۆچوونی، مامۆستاکان بەئاو رامیار بەئاگا دێننەوە، دایکی دەڵێت، نزیکەی دوو کاژێر دوای تەواوبوونی ئەو رۆژەی خوێندنی پاشان گەڕایەوە ماڵەوە. 
 
بەفرین عەزیز، دایکی رامیارە و باسی لەوە کرد: سەرودڵی تێکچوبوو، میزی بەخۆیدا کردبوو، لەوێ هەندێک وشکیان کردبووەوە، کە هاتەوە بردمە حەمام و شوشتم، تەماشام کرد، لای گوێی هەمووی هەلا هەلا بووە، قاچیشی وابوو، وتم ئەوە بەچی واتلێهاتووە، وتی دایە مامۆستا خراپ لێیدام دوای ئەوە بردمیە پەنایەک و ماچی کردم و گوتی، لای دایک و باوکت وا مەڵێ. 
 
پەیامنێری رووداو دەچێتە قوتابخانەکەی رامیار، قوتابخانەی کوردستانی بنەڕەتی. بڵند عەبدولقادر، ناوی بەڕێوەبەرەکەیە و لە کاتی چوونی تیمی رووداو بۆ قوتابخانەکە لەوێ نەبوو و ئامادەش نییە لێدوان بدات. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بە فەرمانی وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری بەکارهێنانی تووندوتیژی لەلایەن بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیەوە.