زیلینسکی: لە دوو رۆژدا 80 درۆنی ئێرانیمان خستووەتە خوارەوە

03-01-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
رووداو - هەولێر

سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، تەنیا لە دوو رۆژی یەکەمی ساڵی نوێدا، هێزەکانیان 80 درۆنی دروستکراوی ئێرانییان خستووەتە خوارەوە، لەکاتێکدا رووسیا لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێدا هێرشەکانی بۆ سەر شارە جیایاکانی وڵاتەکە چڕکردووەتەوە. 
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 2ـی کانوونی دووەمی 2023، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە گوتارێکی ڤیدیۆییدا ئاماری زیانەکانی رووسیای لە دوو رۆژی یەکەمی ئەمساڵدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "دوو رۆژ لە سەرەتای ئەمساڵەوە تێپەڕبوون و لەو ماوەیەدا، ژمارەی ئەو درۆنە ئێرانییانەی بەسەر ئاسمانی ئۆکرایناوە خراونەتە خوارەوە 80 درۆنی تێپەڕاندووە." 
 
زیلینسکی گوتی کە رەنگە لە "داهاتوویەکی نزیکدا" ئەو ژمارەیە زیاتربێت، چونکە وەکو خۆی دەڵێت، لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا رووسیا هێرشی زیاتر دەکاتە سەر ئۆکراینا. 
 
گوتیشی کە زانیارییان هەیە، "رووسیا پلانێکی درێژمەودای بۆ بەکارهێنانی درۆنی شاهید هەیە" کە درۆنی دروستکراوی ئێرانە. ئاماژەی بەوەشکرد کە رووسیا دەیەوێت بەو درۆنانە خەڵکی، هێزی بەرگری و ژێرخانی وزەی ئۆکراینا بکاتە ئامانج.
 
سەرۆکی ئۆکراینا گوتیشی کە لەگەڵ ئورسۆلا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا قسەی کردووە و گوتی "ئێمە بە یەکسانی لە ئاڵنگارییەکانی ئەم زستانە و ئەمساڵیش بۆ ئۆکرانیا و هەموو ئەوروپا تێدەگەین." گوتیشی کە باسیان لە پشتگیری دارایی بۆ ئۆکراینا کردووە و لەم مانگەدا "چاوەڕوانی یەکەم قۆناخی دارایی گەورە دەکەین". 
 
ئۆکراینا و هاوپەیمانەکانی ئێران بە پێدانی درۆن بە رووسیا تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن، رووسیا لە بەشێکی هێرشەکانیدا پشت بە درۆنی دروستکراوی ئێران دەبەستێت.
 
هەرچی ئێرانە، مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوودا دانی بەوەدانا کە درۆنی داوەتە رووسیا، بەڵام رەتیکردەوە درۆنەکانی لەلایەن رووسیاوە لە شەڕی ئۆکراینادا بەکارهێندرابن و گوتی؛ درۆنەکانی پێش دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا داوەتە رووسیا. رووسیاش رەتیدەکاتەوە هێزەکانی درۆنی ئێرانییان لە ئۆکراینادا لە جەنگەکەدا بەکارهێنابێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 جەی دی ڤانس، سیناتۆری تەمەن 39 ساڵی ویلایەتی ئۆهایۆ، رۆژگارێک دەیگوت "هەرگیز نابێتە لایەنگری ترەمپ."

کۆنە نەیارەکەی ترەمپ بناسە کە بە جێگری خۆی هەڵیبژارد

جەی دی ڤانس، سیناتۆری تەمەن 39 ساڵی ویلایەتی ئۆهایۆ، رۆژگارێک دەیگوت "هەرگیز نابێتە لایەنگری ترەمپ." ترەمپی بە "گەمژە" و "هیتلەری ئەمریکا" وەسف دەکرد.