سەندیکای پارێزەران: ململانێی حیزبی رێگرە لە هەڵبژاردنی سەرۆکی سەندیکاکە

03-01-2022
رێبوار عەلی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان دەڵێت، "پێویستە تایبەتمەندییەک بدرێتە پارێزەران و رێزیان لێبگیرێت"، نابێت لە فەرمانگەکان وەکو هاووڵاتییانی دیکە لە نۆرە بوەستن.
 
بەختیار حەیدەر، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، حکومەت گشتاندنی بۆ دامودەزگاکان کردووە کە ئاسانکاری بۆ پارێزەران بکەن و "رێزیان بگرن وەک چۆن فەرمانگە هەیە شوێنی تایبەتی بۆ پارێزەران تەرخان کردووە وەکو پەنجەرە و ژووری تایبەت".
 
دەقی هەڤپەیڤینی بەختیار حەیدەر لەگەڵ رادیۆی رووداو: 
 
رووداو: سەندیکای پارێزەرانی کوردستان کەی دامەزراوە و پێکهاتەکەی چۆنە؟
 
بەختیار حەیدەر: ساڵی 1991 کە حکومەتی عێراق دەزگاکانی خۆی لە هەرێمی کوردستان کشاندەوە، سەندیکای پارێزەرانی عێراق داوایان لێکردین کە بچینە بەغدا بۆ ئەوەی لە کارەکانمان بەردەوام بین. ئەو کات ئێمە رازی نەبووین و کۆمەڵێک لە پارێزەرانی هەولێر، کەرکووک، سلێمانی و دهۆک کۆبووینەوە و بیرۆکەی ئەوەمان دانا کە سەندیکایەک بۆ خۆمان دابمەزرێنین. ئەوە بوو دەستەیەکی کاتی دامەزرا کە تاوەکو 1993/01/03 بەردەوام بوو. 
 
پێش ئەو رێککەوتە پڕۆژەیەکمان پێشکەشی پەرلەمان کردبوو، ئەوە بوو لە 1993/01/03ـدا پەرلەمان دانی بە رەوایەتیی دەستەی کاتیی سەندیکای پارێزەرانی کوردستاندا نا. لەو رۆژەوە تاوەکو ساڵی 1999 سەندیکا بەردەوام بوو تا یاسای ژمارە 17ی پارێزەرایەتی دەرچوو. 
 
رووداو: مەرجەکانی بوونە ئەندام لە سەندیکاکەتان چین؟
 
بەختیار حەیدەر: دەبێ دەرچووی یاسا بێت و بە هیچ تۆمارێکی رەوشتی سزا نەدرابێت، لایەنی دەروونی و عەقڵی تەواو بێت. دواتر بە سێ قۆناخی دەسەڵاتدا تێدەپەرێت کە ئەمانەن:
 
یەکەم: ئەندام دوایی 3 ساڵ پلەی راهێندراوی پێدەدرێت.
 
دووەم: دوای کارکردن بۆ ماوەی 3 ساڵ لەگەڵ پارێزەرێکی کارا یان راوێژکار پلەکەی دەبێتە کارا بەمەرجێک ساڵانە 5 داواکاریشی هەبێت.
 
سێیەم: دوای کارکردن بۆ ماوەی 3 ساڵ لە کاری پارێزەری و پێشکەشکردنی 5 داواکاری لە ساڵێکدا و پێشکەشکردنی توێژینەوەیەک بە سەندیکا دەبێتە راوێژکار.
 
رووداو: هیچ خولێک بۆ ئەوانە دەکرێتەوە کە تازە بوونەتە ئەندامی سەندیکا؟
 
بەختیار حەیدەر: لەبەر زۆری ئەو کەسانەی دەبنە ئەندام لە سەندیکاکەمان نەمانتوانیوە بەپێی پێویست خولیان بۆ بکەینەوە بەلام خولمان هەبووە بۆ مانگێک زیاتر و خولەکان ئیلزامیە بۆ ئەوەی فێری ئەلف و بێی پارێزەری بن.
 
 
رووداو: ئەرک و مافی پارێزەر چیە لە سەندیکاکەتان.؟
 
پیویستە پاپەند بێت بەرەوشتی پارێزەرایەتی و رێز لەخەڵک بگرێت و بەرگری لەخەڵکەبکات کە دەبیتە بریکاریان، لەگەڵ رێک پۆشی و جل و بەرگ و کارکردن بە یاسا کاربکەن و رێکارەیاسایەکان  بەکاربهێنن و ئاگاداری گۆرانکاریانە بن کە لەیاسا روودەدات لە کاتی چونیان بۆ فەرمانگەکان یان لەکاتی ئامادەبوونیان لەداوا لە دادگاکان".
 
رووداو: سەندیکاکەتان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا چەند ئەندامی هەیە؟
 
بەختیار حەیدەر: ئێستا نزیکەی 13 هەزار ئەنداممان هەیە کە بەسەر پێنج لقی سەندیکادا دابەشبوون کە بریتین لە هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، دهۆک و هەڵەبجە. نزیکەی نیوەی ئەندامەکانمان لە هەولێرن. سلێمانی لە پلەی دووەمدایە، دواتر کەرکووک، دهۆک و هەڵەبجە.
 
رووداو: دۆخی پارێزەران لە فەرمانگەکانی حکومەتدا چۆنە؟
 
بەختیار حەیدەر: فەرمانگە تا فەرمانگە جیاوازیی هەیە. شوێن هەیە ئاسانکاری دەکەن و شوێنیش هەیە لە ئەنجامی تێنەگەیشتن لە رۆڵ و پێگەی پارێزەر گرفت دروست دەکەن کە زیاتر ئەویش لە ئەنجامی هەڵسوکەوتێکی کەسییەوەیە. 
 
رووداو: چی کراوە بۆ ئەوەی پارێزەران لە فەرمانگەکاندا زیاتر رۆڵیان لەبەرچاو بگیردرێت؟
 
بەختیار حەیدەر: حکومەت و ئەنجوومەنی وەزیران هاوکارمان بوون. چەندین جار گشتاندنیان بۆ دامودەزگا گشتییەکان کردووە بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ پارێزەران بکەن و رێزیان بگرن وەک چۆن فەرمانگە هەیە شوێنی تایبەتی بۆ پارێزەران تەرخان کردووە وەکو پەنجەرە و ژووری تایبەت. سرووشتی کاری پارێزەر وایە کە بریکاری چەندین کەسە داوا و کاری خەڵکی لایە، ئەگەر لەگەڵ هاووڵاتییان لە نۆرە بێت ئەوا کاریگەریی لەسەر دواکەوتنی کاری خەڵک دەبێت. بۆیە پێویستە تایبەتمەندییەک بدرێتە پارێزەران و رێزیان لێبگیرێت، ئێمە بەردەوام لەسەرهێڵین لەگەڵ ئەو فەرمانگانەی کە تاوەکو ئێستا ئەو تایبەتمەندیەیان نەداوەتە پارێزەران بۆ ئەوەی ئەوانیش هاوکاری پارێزەران بن.
 
رووداو: بۆچی لەو فەرمانگانە ئاسانکاری نەکراوە کە دراون بە کەرتی تایبەت بە نموونە فەرمانگەی ئاو؟
 
بەختیار حەیدەر: هەر کاتێک پارێزەران لە کێشەکانیان ئاگاداریان کردووینەتەوە راستەوخۆ پەیوەندیمان بە لایەنی پەیوەندیدارەوە کردووە بۆ ئەوەی گرفتەکانیان چارەسەر بکەین، بەڵام نایشارینەوە کە لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتەکان کێشەمان هەیە، هەندێکیان رەچاوی دانانی شوێنیان کردووە بۆ پارێزەر، بەڵام هەندێکیشیان تائێستا ئەو شوێنی تایبەت بە پارێزەرانیان دا نەناوە. بەڵام لەگەڵیان لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی ئەوانیش پابەندی ئەمە بن.
 
رووداو: پارێزەریش وەکو پەرلەمانتار پارێزبەندیی هەیە، بەڵام ئایا ئەو پارێزبەندییە وەک خۆی کاری پێدەکرێت؟
 
بەختیار حەیدەر: بێگومان کاری پێدەکرێت و دادگاکان رێزلەو پارێزبەندیە دەگرن تەنانەت هەر کێشەیەک پارێزەرێکی وەک تۆمەتبارتێدابێت. ئەوا دادگاکانی لێکۆڵینەوە نوسراومان بۆ دەکەن و کۆپی پەڕاوەکەمان بۆ دەنیرین لەدوایی دڵنیا بوونەوە ئێمەش رەزامەندی دەردەبڕین، بە پێچەوانەشەوە کاتێک هەست دەکەین ئەمە کارێکی مەدەنیەو پەیوەندی بە کاری پارێزەریەوە هەیە کاتێکی زیاتر لەسەری رادەوەستین و دواتر بڕیاری لێدەدەین. بڕیاری ئێمەش قابیلی تانە لێدانە لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێم".
 
رووداو: بۆچی لەلایەن سەندیکاوە لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەندێک لە پارێزەران کراوە لەسەر نوسینی کۆمێنت یان پۆستی فەیسبووک.؟
 
بەختیار حەیدەر: ئێمە بە هیچ شێوەیەک دژی ئازادیی رادەربڕین و کۆمێنتنووسین نیین. رۆژانەش بەردەوام دەرگەمان لەبەردەم پارێزەران کراوەیە بۆ گەیاندنی سەرەنج و رەخنە و پێشنیازەکانیان ئێمەش بەوپەڕی دڵفراوانیەوە وەری دەگرین. بەڵام خەڵکانێک هەن کە سنووری ئازادیی رادەربڕین دەبەزێنن و سووکایەتی بە خودی سەندیکا یان ئەوانە دەکەن کە لە سەندیکا کار دەکەن کە ئەمە لە هیچ کەسێک قبووڵ ناکرێت، بۆ ئەمەش چەند رێگەیەکمان لە پێشە کە دەتوانین سکاڵایان لەسەر تۆمار بکەین یان لەلایەن ئەنجوومەنی سەندیکاوە سزا بدرێن. یان بیدەینە لیژنەی لێکۆڵینەوە کە لە سەندیکا هەیە بۆ ئەوەی وەکو دادگە دادگایی بکرێن و دواتر بڕیاری پیدەردەچێت کە ئەمەش قابیلی تانە لێدانە لە هەر هەڵس و کەوتێک کە پێچەوانەی یاسا بێت. بەڵام زۆربەی ئەو بڕیارانەی کە داومانە لەلایەن دادگای پێداچوونەوە پەسەند کراوە چوونکە هەمووی بە بەڵگە سەلمێندراوە.
 
رووداو: هیچ تایبەتمەندیەک دراوە بەو پارێزەرانەی لەسەرکەیسی تاوان و کوشتن کار دەکەن بۆ پاراستن و سەلامەتی گیانیان.؟
 
بەختیار حەیدەر: ئێمە چاومان لە سەروەریی یاسایە و پابەندین پێیەوە. بۆیە کات هەبووە هەڕەشە لە پارێزەرانمان کراوە ئێمەش وەکو سەندیکا هاتووینەتە سەرهێڵ و سکاڵامان تۆمار کردووەو بۆ پاراستنی پارێزەرانمان لەهەردەستدرێژیەک وبەوپەڕی توانامانەوە هەوڵمانداوە بەرگری لێبکەین بۆ ئەمەش دەست بۆ هەموو رێکارێکی یاسایی دەبەین.
 
رووداو: چی کراوە بۆ راگرتنی هاوسەنگی لە کاری پارێزەران؟ راستە دەڵێن پارێزەر هەیە راوێژکاری زیاتر لە چوار کۆمپانیایە؟
 
بەختیار حەیدەر: بۆ ئەمە یاسامان هەیە کە رێگە بە پارێزەردەدات تەنها لە چوارکۆمپانیا ببێتە راوێژکاری یاسایی، ئەگەرلەو رێژەیە زیاتربێت رێگە پێدراو نیەوهەرکاتێک سکاڵای لەسەر تۆمار بکرێت سزا دەدرێت. هەرچەند ئەمە بە سیستەمی کۆمپیوتەری رێکخراوە کە قەبوڵ ناکات پارێزەر ببێتە راوێژکاری زیاتر لە چوار کۆمپانیا.
 
رووداو: راستە ژمارەی پارێزەران زیادیان کردووە، چونکە بەهەڕەمەکی خەڵک دەکرێتە ئەندامی سەندیکا؟ تەنانەت خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش بوونەتە ئەندام؟
 
بەختیار حەیدەر: راستە ژمارەی پارێزەران زۆرە بەڵام ئەویش هۆکاری خۆی هەیە. چوونکە دامەزراندن نیە لە دام و دەزگاکانی حکومەت ئەو خەڵکەی کە کۆلێژ تەواو دەکات راستەخۆ داوای بوون بە ئەندام لە سەندیکا دەکات، بۆ ئەمەش بەهەماهەنگی وەزارەتی خوێندنی باڵا ژمارەیەک پێوەر دانراوە.
 
یەکەم: ئەو کەسانە وەرناگیرێن کە کۆنمرەیان لە  65 کەمترە.
دووەم: ژمارەی وەرگرتنی قوتابییان لە زانکۆ تایبەتەکان سنووردارکراوە.
سێیەم: خوێندنی یاسا بووەتە 5 ساڵ بۆ ئەوەی قوتابییان کاری پارێزەرایەتی زیاتر بە شێوەی پراکتیکی فێربن.
 
دوو ساڵ پێش ئێستا سەندیکای پارێزەرانی عێراق لە رێگەی کۆنگرەوە یەک ساڵ ئینتیمای راگرت. دوای ئەوە خەڵکانێک چوون لەسەندیکای پارێزەرانی عێراق بوون بە ئەندام، بەڵام ئێمە لەگەڵیان لەسەر هێڵ بووین چوونکە بۆمان دەرکەت کە خەڵکانێکی تێدایە فەرمانبەری حکومەتن وبوونەتە ئەنجام لە سەندیکای پاریزەران و لێرەو لەوێش کاری پارێزەری دەکات، بۆیە بڕیارمان دەرکردووە هەموو ئەو کەسانەی ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی عێراقن لە کوردستان بایۆمەتری بکەن و بەڵگەی بێ تاوانی خۆیان بێنن، بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ لەگەڵ نەقیبی سەندیکای پاریزەرانی عێراق کە بۆ مەبەستی پیرۆزبایی هاتۆتە هەرێمی کوردستان رێککەوتننامەیەک ئیمزادەکەین. لەسەر داوای سەندیکای پارێزەرانی عێراق ماوەکەمان دریژ کردەوە تا 2022-4-1 هەموو ئەوانەی کە خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عێراقن ژمارەیان 150 بۆ 200 کەسێکە.
 
رووداو: لەو 13 هەزار پارێزەرەی ئەندامن لە سەندیکا چەندیان بە دروستی کار دەکەن، لیپێچینەوە لەگەڵ هیچ کەسێک کراوە لەسەر ئەمە؟
 
بەختیار حەیدەر: لەمساڵدا رێککەوتنمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای تەکنەلۆژیا و زانیاری هەیە بۆ ئەوەی بایۆمەتری بۆ هەموو ئەوپارێزەرانە بکرێت کە ئەندامن لامان، ئەگەر دەرکەوت کەسێک فەرمانبەری حکومەتەو ئەندامی سەندیکاشە ئەوا رێکاری یاسایی لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر بۆ ئەم مەبەستەش چەندین جارهۆشداریمان بەو کەسانە داوە".
 
رووداو: پارێزەران گلەییان هەیە لەو رێژە پارەی ساڵانە لەکاتی نوێکردنەوەی باج لێیان وەردەگیرێت، لە پلانتاندا نییە بڕەکەی کەم بکەنەوە؟
 
بەختیار حەیدەر: پارێزەران لە دوو شوێنی جیاواز پارە دەدەن یەکێکیان سەندیکای پارێزەرانە ئەوەی دیکەشیان سندووقی خانەنشینی پارێزەرانە. ئەو پارەی ئێمە ساڵانە وەری دەگرین بۆ نوێ کردنەوەی ناسنامەو نەخۆشی و هاوسەرگیری و وەفاتنامە برەکەی لە 70 هەزار دینار تێپەڕ ناکات، بەڵام ئەو پارەی کە پارێزەر لە خانەنشینی پارێزەران دەیدات بەگوێرەی ساڵانی خزمەتی پاریزەران لە 150 هەزار دینارەوە دەستپیدەکات و ئەوەی 20 ساڵ زیاتر خزمەتی هەبێت 450 هەزار دیناردەدات کە ئەمە بۆ خانەنشینی پارێزەرە، ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێبکەین ئەو پارەی پارێزەر بە 25 ساڵ دەیداتە سندووقی خانەنشینی بە 4 مانگ و نیو وەری دەگرێتەوە لەبەر ئەوەی مووچەی خانەنشینی پارێزەران بڕی ملیۆنێک و 800 هەزار دینارە.
 
رووداو: پارێزەران لەگەڵ ئەو پارەی دەیدەن بە نوێکردنەوەی باج و سندووقی خانەنشینی، دەبێ باج بدەن بە بەڕێوەبەرایەتی باج و دەرامەتیش. بەنیازنین  لە یەکێک لەمانە لێخۆشبوونیان بۆبکەن؟
 
بەختیار حەیدەر: ئەمە دووبابەتی زۆر جیایە پارێزەر کەکار دەکات پێویستە باج بدات کە ئەمە لە هەموو دنیا بەم شێوەیە، بەڵام ئێستا بۆ بابەتی باج لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران لەسەرهێڵین بۆ ئەوەی کارکردنی پارێزەران بکەین بە پول لەمەوبەدوا، نەک لە بەڕێوەبەرایەتیی باج و دەرامەت فایلیان بۆ بکرێتەوە، ئەوکات هەر پارێزەرێک کاری هەبوو پولی لێدەدات ئەوەشی کاری نەبێت دەردەکەوێت تا وەکو یەک پارەیان لی وەرنەگیرێت.
 
رووداو: بودجەی ساڵانەی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان چەندە؟
 
بەختیار حەیدەر: هەموو داهات و خەرجییەکانی سەندیکا ساڵانە لەلایەن چاودێریی داراییەوە چاودێری دەکرێت و لەلایەن یەکەی ژمێریاریمان بە رێکوپێکی کارەکان ئەنجامدەدرێت، ئێمەش بەرامبەر دوو لایەن بەرپرسین کە راپۆرتیان پێشکەش بکەین. کە ئەویش کۆنگرەی پارێزەران کە دەبەسترێت لەگەڵ چاودێری دارایی کە خۆیان دێن پشکنین دەکەن و ساڵانە لە بری رەخنەگرتن سوپاسمان کراوە.
 
رووداو: بۆچی چوار ساڵ بەسەر کۆنگرەدا تێپەڕیوە بۆچی تا ئێستا هەڵبژاردن بۆ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەندیکا نەکراوە؟
 
بەختیار حەیدەر: بەپێی یاسایی پارێزەرایەتی دوایی هەڵبژاردنی نوێنەرانی پارێزەران هەڵدەبژێردێن کۆنگرە دەبەسترێت، ئێمە لە 2015 و ساڵێک ونیوێک دوایی هەڵبژاردن  لە ساڵی 2018 سێ ساڵەکەی خۆمان تەواو کرد. لە کاتەوە چەندین جار کاتمان دیاریکرد بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی نوێنەران ئەنجام بدرێت بەڵام نەکرا، دواتر لە سالی 2019 نوێنەران هەڵبژێردران و لە 2019-10-31 کۆنگرە بەستراو 2019-11-28 یان دانا بۆ رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەن بەڵام بەهۆی ئەوەی لیستەکان لەنیوان خۆیاندا کێشەیان هەبوو بەهۆی ململانێ و کاریگەری حزبی نەکرا کە ئەمە کاریگەری راستەوخۆی هەبووە. دواتر ئێمە وەکو ئەنجومەنی سەندیکا بە پێی مادەی 50 لە یاسایی پارێزەرایەتی داوای دانیشتنێکی دیکەی نائاسایی کۆنگرەمان کرد، دوایی ئەوە دووبارە کۆنگرە دانیشت و مانگی 2 ی 2020 دیاریکرا بۆهەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەن بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەکرا. ئێستاش ئێمە وەکو ئەنجومەنی سەندیکا بەجێگەیاندنی بەرپرسیارەتی سەرشانمان جارێکی دیکە داوای کۆبوونەوەی نائاسایمان کردووە لە 2020-1-13 ئومید دەکەین رۆژێک بۆ دیاریکردنی هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیکا دیاری بکرێت.
 
رووداو: حکومەت رەزامەندی دابوو لەسەر پێدانی زەوی بە سەندیکای پارێزەران بۆ دروستکردنی باڵەخانەیەکی تایبەت بەخۆیان کارەکانی ئەو باڵەخانەیە بەکوێ گەیشت؟
 
بەختیار حەیدەر: خۆشبەختانە ئەمڕۆ ساڵڕۆژی پارێزەرانی کوردستان دەستمان بەکاری بیناسازی کرد، ماوەی دوو هەفتە پێش ئێستا گرێبەستەکە کراوەو شارەوانی بەشێوەیەکی کاتی مۆڵەتی پێداوین دەست بەکارەکانمان بکەین تا ئەو کاتەی مۆڵەتە هەمیشەیەکەمان تەواو دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە