رووداو دیجیتاڵ
ماوەی پێنج رۆژە دوو هاونیشتمانی لە سیدەکان لەلایەن سوپای تورکیاوە دەستگیر کراون و تاوەکو ئێستا ئازاد نەکراون، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی قەزای سۆران رایگەیاند، "ئەو ناوچەیەی گەنجەکەکانی لێ دەستگیرکراوە، ناوچەیەکی سەربازییە، داوا لە هاونیشتمانییان دەکەم لەو ناوچەیە دووربکەونەوە".
شەوی پێنجشەممە 30-12-2021 دوو گەنج بە ناوەکانی حەیفی خەلیل تەمەن 20 ساڵ، زیدان نەبی تەمەن 21 ساڵە، خەڵکی گوندی دایلان لە سنووری شارۆچکەی سیدەکانن و، لە نزیک بارەگاکانی سوپای تورکیا لەسەر سنوور دەستگیرکراون.
هەڵگورد نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی قەزای سۆران میوانی بەرنامەی "بەرپرسیار"ـی تەلەڤزیۆنی رووداو بوو لەو بارەوە گوتی، "بەهۆی هاتنی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ ناوچەکە و هاتنە ژووری هێزەکانی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان ناوچەکە بووەتە ناوچەیەکی سەربازی، خەڵکی ناوچەکە باش دەزانن نزیکبوونەوە لەو شوێنە کارێکی مەترسیدارە، هەر بۆیە لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ ئازادکردنی گەنجەکان".
گەیلان عەبدولعەزیز، خزمی دوو گەنجەکەیە کە بەشداری لە بەرنامەی بەرپرسیار کرد و گوتی، ئەوان لە گوندی بەرمیزە دەستگیرکراون، لەلایەن سوپای تورکیا، ئەو شوێنەی گەنجەکانی لێ دەستگیرکراوە سنووری هەرێمی کوردستانە، کاری گەنجەکان بەخێوکردنی ئاژەڵە و گەنجەکان بە رێککەوت لەگەڵ حەوت کەسی خەڵکی سووریا تێکەڵ بوون و ئەوانیش دەستگیرکراون.
گەیلان عەبدولعەزیز گوتیشی، پێنچ رۆژە قسەمان لەگەڵ گەنجەکان نەکردووە نازانین لە کوێن و رەوشی خێزانی گەنجەکان خراپە، داواکارین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی جدی بدات بۆ ئازادکردنی گەنجەکان.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی قەزای سۆران ئاماژەی بەوەش دا، هێزەکانی پێشمەرگە لەو شوێنانە نین کە گەنجەکانی لێ دەستگیرکراون، ئێمەش هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئەو هێزەی تورکیا نییە کە لە ناوچەکەن.
ساڵی 2019 سوپای توکیا لە سنووری برادۆستەوە خاکی هەرێمی کوردستانی بەزاند و ژمارەیەک بنکەی سەربازیشی لە بەرزاییەکانی ناوچەکە دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ