پۆلیسی هەولێر ئەو دوو کەسەی دەستگیرکرد، کە تۆیۆتا هایلۆکسیان دەدزی

رووداو دیجیتاڵ
 
پۆلیسی هەولێر دوو کەسی بە تۆمەتی دزینی دوو ئۆتۆمبێل دەستگیرکرد و دەستی بەسەر یەکێک لە ئۆتۆمبێلە دزراوەکانیشدا گرت. گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت یەکێک لە تۆمەتبارەکان ، "شارەزایی باشی لە چەتاڵکردنی ئۆتۆمبێل هەبووە".
 
موقەددەم هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە 03-01-2021، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا راگەیاند: "دوای ئەوەی لە رێککەوتەکانی 2ی 12 و 15-12-2021 دوو حاڵەتی دزینی ئۆتۆمبێل لە جۆری تۆیۆتا هایلۆکس لەنێو شاری هەولێر روویدا، هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بەدواداچوونێکی چڕیان بۆ ئەو بابەتە کرد، دەرکەوت کە کەسێک لە جامی دواوەی ئۆتۆمبێلەکەوە دەچێتە ژوورەوە و ئۆتۆمبێلەکە چەتاڵ دەکات. دوای دزینی ئۆتۆمبێلەکان کەسێکی دیکە ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە بازاڕدا ساخکردووەتەوە".
 
بە گوتەی هۆگر عەزیز دوای بە دواداچوونی هێزەکانیان  و پێکهێنانی تیمێک بۆ دەستگیرکردن و دەستنیشانکردن و ناساندنەوەی ئەو تۆمەتبارانە، "توانرا تۆمەتبارەکە بناسرێتەوە، کەوا کەسێکە خەڵکی هەولێرە، شارەزاییەکی تەواوی هەبووە لە چەتاڵکردنی ئۆتۆمبێل لەبەر ئەوەی دەستی وەستایی هەبووە و دوکانی لە پیشەسازییەکان هەبووە، توانرا ئەو تۆمەتبارە دەستگیر بکرێت".
 
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت: "لەگەڵ دەستگیرکردنی تۆمەتباری یەکەم توانرا تۆمەتباری دووەمیش دەستگیر بکرێت، ئەو کەسەی کە ئۆتۆمبێلەکانی لە بازاڕ ساخ دەکردەوە، لەکاتی دەستگیرکردنیشیدا ئۆتۆمبێلێکی لابوو. بەڵام ئۆتۆمبێلەکەی دیکەی لە یەکێک لە قەزاکانی شاری هەولێر فرۆشتبوو".
 
بە گوتەی هۆگر عەزیز ئێستا هەردوو تۆمەتبارەکە "بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی لای پۆلیس بەندن".