د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد: لەگەڵ هەر بەرپرسێک دانیشم ئامۆژگاری و پێشنیازی خێری پێدەدەم

 
رووداو دیجیتاڵ

د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد، یەکێک لە رێبەرە دیارەکانی رەوتی سەلەفییەت لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "دانیشتنم لەگەڵ کاربەدەستان خزمەتکردنە بە ئیسلام و موسڵمانان، لەگەڵ هەر کامێکیان دانیشتبم بەگوێرەی زانست و توانای خۆم ئامۆژگاری و پێشنیازی خێرم هەبووە بۆیان، بۆلای هیچ کەسێکیان نەچووم بۆ بەرژەوەندیی دونیایی خۆم".
 
رۆژی یەکشەممە 02-01-2022 د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی پێشوازیی لە د. عبدالـلەتيف ئەحمەد کرد و بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە کاروباری ئایینی کراوە، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی جەختی لە "پاراستنی ژینگەی پێکەوەژیانی ئایینی کرد کە بەشێکی گرنگی کولتووری و مێژووی خەڵکی کوردستان و جۆری ئیدارەدانی لەلایەن حکومەتەوە ھەیە، ھەروەھا بە گرنگ بینینی رۆڵی مامۆستایانی ئایینی کە ھەردەم پێشەنگ و پێشەوا بوون بۆ گوتاری میانڕەو و تەبایی و بەھێزکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیی ئاراستەکردنی نوێژخوێنان بە پرەنسیپە جوانەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و نیشتمانپەروەریدا".
 
عەبدولـلەتیف ئەحمەد، کە بە عەبدولـلەتیف سەلەفی ناسراوە لە هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دانیشتن لەگەڵ بەرپرسانی حکومی جێگای پرسیار نییە، بەڵکو شتێکی زۆر سادە و ئاساییە، من یەکەم کەس نیم کە لەگەڵ وەزیر یان هەر بەرپرسێکی دیکەی حکومەت دانیشتبم، بەڵام کێشە لە خوێندنەوەی بەرامبەرە بۆ دانیشتنەکانم لەگەڵ بەرپرسان، هەرکەسەو بەگوێرەی ناخی خۆی و باکگراوندی بیروڕای خۆی لەسەرمان حوکم دەدات و لێکدانەوە بۆ دانیشتنەکان دەکات کە زۆربەشی هەڵەیە و دوورە لە راستی، چونکە بۆچوونەکان گوزارشت لە ناخی کەسی بەرامبەر دەکات نەک لە حەقیقەتی دانیشتنەکانی من، لەبەرئەوە را و بۆچوونی ئەو جۆرە کەسانە گرنگ نییە بەلامەوە، چونکە ئەوان پێشوەختە بڕیاری خۆیان داوە لەسەرمان بەگوێرەی گومانی خراپی خۆیان".
 
عەبدولـلەتیف ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسان "زۆر ئاساییە، سوپاس بۆ خودا مەبەست و ئامانجی من لە چاوپێکەوتن و دانیشتنم لەگەڵ کاربەدەستان خزمەتکردنە بە ئیسلام و موسڵمانان، لەگەڵ هەر کامێکیان دانیشتبم بەگوێرەی زانست و توانای خۆم ئامۆژگاری و پێشنیازی خێرم هەبووە بۆیان، بۆلای هیچ کەسێکیان نەچووم بۆ بەرژەوەندیی دونیایی خۆم".
 
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا کە بۆچی لە رێگەی مینبەری مزگەوتەکانەوە پەیامەکانی ناگەیێنێت، د. عەبدلـلەتیف ئەحمەد گوتی، "شێوازی قسەکردنە لە راگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و مینبەرەکان، بەتایبەتیش کە بە جنێودان و قسەى زبر بێت، تەنها پشێوی و ئاژاوە دروست دەکات و خەڵکی هاندەدات بۆ رق و کینە و هەڵوێستی نەشیاو، بەرامبەریش تووشی کاردانەوەی خراپ دەکات، پێچەوانەی سوننەتیشە هەروەک پێغەمبەرمان فەرموویەتی : هەر کەسێک ئامۆژگارییەکی هەبێت بۆ کاربەدەستان، با بە ئاشکرا نەیکات لە بەرچاوی خەڵک، بەڵکو با بە تەنها لەگەڵی دابنیشێت و ئامۆژگارییە خێرەکەی بکات، چونکە ئامۆژگاری بە ئاشکرا لەناو خەڵک و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە راستیدا ئامۆژگاری نییە، بەڵکو ریسواکردنە و بەرهەمى تاڵى ئەو خەڵک هاندانەمان بینى چۆن بەهۆى گوتارى حەماسی و ئاگرینى بەشێک لە گوتاربێژان خەڵکى وڵاتى سووریا بەرەو چ ئاقارێک برا".
 
هەفتەی رابردوو، بە فەرمانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، مامۆستا ئەحمەد پێنجوێنی، لە گوتارخوێنی دوورخرایەوە. د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد دەڵێت، "سەردانەکەی من بۆلای وەزیری ئەوقاف هیچ پەیوەندییەکی بەو پرسەوە نەبووە و دانیشتنى من هیچ پەیوەندییەکى بەم بابەتەوە نەبووە، من رۆژى شەممە 1/1/2022 کۆڕێکم هەبوو لە هۆڵی میدیا لە شارى هەولێر بە ناونیشانى: (چۆن کەسێکى سوودبەخش بین بۆ دین و میللەت و وڵاتمان). بۆ ئەم مەبەستە چوومە هەولێر، بۆ رۆژى دواتریش لەگەڵ وەزیرى ئەوقاف دانیشتم بۆ پرۆژەیەکى سوودبەخش کە لەگەڵ وەزیرى پەروەردەش قسەمان کرد لە دانیشتنەکەماندا، ئێستا لە هەوڵى ئەوەدام لە هەموو شارەکان بنکەى ئەکادیمیاى ئامۆژگارى بکەمەوە بۆ فێرکردنى قورئان و بیروباوەڕ و ئاداب و رەوشتى ئیسلامیى جوان، دانانى گوتاربێژ و لابردنى گوتاربێژ هیچ پەیوەندییەکى بە منەوە نییە، لەبەرئەوە هەر کەسێک لەخۆیەوە شیکارى و لێکدانەوە دەکات بۆ دانیشتنەکانى من با لە خوا بترسێت و خۆى گوناهبار نەکات و بیرى قیامەتى بێت".