بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرەوڕووی توندوتیژی دەبێتەوە

03-01-2019
شکار ئەحمەد
نیشانەکردن ژنان
A+ A-

رووداو – هەولێر

ئەمساڵ زۆرترین هەڕەشە لە بەرپرس و كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان كراوە. بەرپرسێكی بەڕێوەبەرایەتییەكە دەڵێت هەڕەشەكان، هەڕەشەی ئابڕووبردن و كوشتنن، هەندێكیان لەڕێگەی تەقەكردن لە بارەگاكانیان و زۆربەشیان لەڕێگەی نامەی مۆبایلەوەن، بێجگە لەو هەڕەشانەی راستەوخۆ لەلایەن تاوانبارانی دەستگیركراوەوە دەكرێن.

(ن.ه)، 32 ساڵ، كارمەندی یەكێك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان دەڵێت تا ئێستا چوار جار هەڕەشەی ئابڕووبردنی لێكراوە. ئەو بە (رووداو)ی گوت: "من لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكان دەكەم و دۆسیەكان دەدەمە دادوەر، نزیكەی 10 مانگ لەمەوبەر لەڕێگەی مەسنجەرەوە نامەیەكی هەڕەشەم بۆ هات، كەسەكە نەناسراو بوو، نووسیبووی ئەگەر واز لە یەكێك لە دۆسیەكانم نەهێنم و كێشەیان بۆ دروستبكەم ئابڕووم دەبات. دواتریش دەمكوژێ‌".

(ن) كە خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە، گوێی بە هەڕەشەكان نەداوە و وەڵامی نامەكەشی نەداوەتەوە، بەڵام هەڕەشەكان بەردەوام بوون :"سێ جاری دیكە لەڕێگەی چەند ژمارەیەكەوە هەڕەشەم لێكرایەوە. تەنانەت لە یەكێك لەو هەڕەشانەدا نووسراوە: ئێمە دەزانین كە هاوژینەكەت ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلەی هەیە و ژمارەكەشی ئەوەندەیە، ماڵتان لەو گەڕەكەیە و ژمارەی خانووەكەشتان ئەوەندەیە. زانیم هەڕەشەكە جددیە، بۆیە بەڕێوەبەرایەتیم لێ ئاگادار كردەوە".

(ن) تاكە كارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەكە نییە كە هەڕەشەی ئابڕووبردن و كوشتنی لێكرابێت، وەكو ئەو دەڵێت: "بەشێك لە هاوڕێ كچ و كوڕەكانیشم هەمان هەڕەشەیان لێكراوە. بەدواچوونمان بۆ ژمارە مۆبایلەكان كردووە، بەڵام خاوەنەكانیان نەناسراون و ژمارەكانیش داخراون".

تەقەیان لێدەكرێ‌

ئەمساڵ سێ جار تەقە لە بارەگا و ئۆتۆمبێلی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان كراوە. ئاری رەفیق، جێگری بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان بە (رووداو)ی گوت: "ساڵی 2018 زۆرترین هەڕەشەمان لێكراوە، سێ‌ جار هێرش كراوەتە سەر بارەگا و كارمەندەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە لە سێ شوێنی جیاواز. نووسینگەی چەمچەماڵی بەڕێوەبەرایەتییەكە درایە بەر گوللە، مانگێك لەمەوبەریش نووسینگەی رۆژهەڵاتی سلێمانی بە ئاڕ بی جی و كڵاشینكۆف هێرشی كرایە سەر. هەروەها لەكاتی گواستنەوەی كچێك لە شەڵتەرەوە بۆ دادگا ئۆتۆمبێلەكەیان لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە درایە بەر گوللە و بكەرەكانیش دەستگیر نەكراون".

بەگوتەی ئاری رەفیق، بەشێك لە بەڕێوەبەر و كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان هەڕەشەیان لەسەرە. ئەو دەڵێت: "لەسەر ئاستی تاكیش ئەو كەسانەی بەرپرسیارێتیان لەنێو بەڕێوەبەرایەتییەكەدا هەیە، هەریەكەیان چەند جارێك و بە چەند جۆرێك رووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە. هەڕەشەكان لەڕێگەی نامەی مۆبایل و ماسنجەر و ڤایبەرەوە دەكرێن. هیچ بەڕێوەبەرێك نییە زیاتر لە جارێك هەڕەشەی كوشتنی لێنەكرابێ‌".

لەبارەی جۆری هەڕەشەكانیش، ئاری رەفیق دەڵێت: "هەڕەشەكان سێ جۆرن. هەندێكیان بەبێ مەرج و داواكارین، تەنیا هەڕەشە دەكەن و هۆكاری هەڕەشەكەش ناڵێن. ئەمەش زیاتر لە بەڕێوەبەرەكان دەكرێت. هەڕەشەی دووەم داواكاری بووە، بۆ نموونە داوای رادەستكردنەوەی كچێك دەكەن كە ئێمە دەیپارێزین. هەروەها هەڕەشەی رووبەڕوو و راستەوخۆ، بۆ نموونە لەسەر سكاڵایەك لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكەمان پیاوێك درایە دادگا، دادوەرەكە سزای داوە و لە چاكسازی گەورانی هەولێرە، ئەو كەسە رووبەڕوو لەودیو شیشەكانی زیندانەوە هەڕەشەی كوشتنی لە من و بەرپرسی یەكەمی بەڕێوەبەرایەتییەكە كرد".

هەڕەشە لە 100 كەس كراوە

ئاری رەفیق دەڵێت تاوەكو ئێستا زیاتر لە 100 كارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەكە رووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە "هەندێكجار هەڕەشەكەرەكان لە نامەكانیاندا ناونیشان، ژمارەی خانوو، جۆر و ژمارەی ئۆتۆمبێلی كەسی هەڕەشەلێكراو دەنووسن، بۆ ئەوەی هەڕەشەكەی بەجدی و راستەقینە وەربگرێ. زۆربەی هەڕەشەكانیش لە بەڕێوەبەران و ئەو كارمەندانە دەكرێن كە لێكۆڵینەوە لە كەیسەكان دەكەن. هەورەها ئەوانەش كە كاریان گواستنەوەی كەیسەكانە لە شەڵتەرەكانەوە بۆ دادگا یان لە نووسینگەكانەوە بۆ شەڵتەرەكان".

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان كە لە 6 بەڕێوەبەرایەتی و 28 نووسینگە پێكدێت، نزیكەی 1500 كارمەندی هەیە كە لە سلكی سەربازی و مەدەنی كاردەكەن. ئاری رەفیق، باس لە ئاماری سكاڵا و هەڕەشەكان دەكات و دەڵێت: "لە 10 مانگی ئەمساڵدا 1115 كەس لەلای ئێمە سكاڵایان تۆمار كردووە كە لەڕێگەی مۆبایلەوە هەڕەشەی ئابڕووبردنیان بە ژمارە مۆبایلی نەناسراو لێكراوە، دڵنیام دە بەرامبەری ئەوەش هەڕەشەیان لێكراوە، بەڵام بەشێكیان نەیانزانیوە لە كوێ سكاڵا تۆمار بكەن، یان نەیانتوانیوە یان نەیانویستووە دۆسیەكەیان گەورە ببێت".

گوتیشی: "زیاتر لە 100 كارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەكەی ئێمەش هەڕەشەی ئابڕووبردنیان لێكراوە، كە زۆرینەیان پیاون".

ئەوانەی هەڕەشەیان لێدەكرێت كەمترینیان سكاڵا تۆمار دەكەن، ئەوان پێیانوایە سكاڵا هیچ ئەنجامێكی نییە، چونكە نازانن سكاڵا لەسەر كێ تۆمار بكەن، چونكە ژمارەكان نەناسراون، ئاری رەفیق دەڵێت: "بەشێكی زۆری ئەو هەڕەشانەی لە بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتییەكەی ئێمە كراوە، ئێمە بە نووسراوی فەرمی ناردوومانە بۆ كۆمپانیاكانی مۆبایل، تەنیا وەڵامیان ئەوەیە كە ئەو كەسە زیاتر لە 1000 مۆبایلی بەناوە، واتە بە كۆ كڕیویەتی و بەشێوەیەكی هەڕەمەكی فرۆشتوویەتی و كەس نازانێت ئەو ژمارەیە ئێستا بەدەستی كێوەیە".

 ئەو جۆرە سیمكارتانە كە لە بازاڕدا بە سیمكارتی بێ‌ دایك و باوك یان "علوج" ناسراون، گرفتی زۆریان بۆ كۆمپانیاكانی مۆبایلیش دروستكردووە. ئاری دەڵێت: "تەنیا لە یەك ساڵدا 4000 كەس چوونەتە كۆمپانیای كۆڕەك كە هەڕەشەی كوشتنیان لێكراوە، ئەمە بێجگە لە كۆمپانیاكانی دیكە كە دڵنیام بەهەزاران كەسی دیكە هەڕەشەیان لێكراوە و كێشە و كارەساتی گەورەی كۆمەڵایەتی لێكەوتووەتەوە".

لەنێو بازاڕی مۆبایلفرۆشانی هەولێر بە هەزاران سیمكارت بۆ فرۆشتن دانراون كە بەبێ فۆرم بە چەند هەزار دینارێك دەفرۆشرێن.

ئەحمەد عەبدوڵڵا، سیمكارتفرۆشێكی بازاڕەكە بە (رووداو)ی گوت: "هەر كەسێك دەتوانێت بەسەدان سیمكارت لە كۆمپانیاكان بكڕێت و لێرەش بەبێ پڕكردنەوەی فۆرم بە كڕیارەكان بە چەند هەزار دینارێك دەفرۆشرێت، تەنانەت بازاڕی سیمكارتی بێ فۆرم زۆر گەرمترە لەو سیمكارتانەی كە بە فۆرم دەفرۆشرێن، هیچ چاودێرییەكیشی لەسەر نییە".

بەپێی یاسای ژمارە 6ـی ساڵی 2008 كە تایبەتە بە قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لە هەرێمی كوردستان، كۆمپانیاكان پابەندكراون بەوەی هەر سیمكارتێك كە دەیفرۆشن زانیاریی تەواو لە كڕیارەكەی وەربگرن، ئەگەر كۆمپانیاكە سەرپێچی بكات، بەپێی هەمان یاسا بە 50 بۆ 100 ملیۆن دینار سزا دەدرێت، بەڵام ئاری رەفیق دەڵێت: "11 ساڵە داوا دەكەین كۆمپانیاكانی مۆبایل كارەكانیان رێكبخەن و بەبێ وەرگرتنی ناو و ناونیشانی كڕیار سیمكارت نەفرۆشن، بەڵام وەڵاممان نادەنەوە، تا ئێستاش یەك كۆمپانیا سزا نەدراوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە