پارێزگاری هەولێر: بە تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاو کێشەی کەمئاوی نامێنێت
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی خاوێن بۆ هەولێر بە خێرایی بەڕێوەدەچێت. بەرپرسێکی کارگێڕیی هەولێر دەڵێت، "کۆمپانیای جێبەجێکار پارەی پێویستی بەردەستە و پڕۆژەکە لەکاتی دیاریکراودا تەواو دەبێت".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "کارکردن لە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بۆ شاری هەولێر بەردەوامە و بەگوێرەی پلانی داڕێژراو بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە دیوە".
08-09-2024، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی خواردنەوە بۆ هەولێر دانرا.
ئەمڕۆ دووشەممە بەرپرسێکی باڵای کارگێڕیی لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کارەکانی پڕۆژەکە زۆر بەخێرایی بەڕێوەدەچن و بەگوێرەی پلان و لەکاتی خۆیدا تەواو دەکرێت، چونکە هیچ ئاستەنگییەک لەبەردەم کۆمپانیای جێبەجێکاردا نییە".
ساڵانە و بەتایبەت لە وەرزی هاوین، شاری هەولێر رووبەڕووی کێشەی کەم ئاوی دەبێتەوە، لەکاتێکدا پشت بە ئاوی سێ ئیفراز و بیرەکان دەبەستێت، کە لە کاژێرێدا 18 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەم دەهێنن.
پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاری هەولێر، بڕیارە دوای تەواوبوونی لە کاژێرێکدا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەمبهێنێت و لەگەڵ پڕۆژەکانی دیکەدا کێشەی کەم ئاوی شارەکە چارەسەر بکات.
پڕۆژەی فریاگوزاریی هەولێر لەسەر زێی گەورە بە گوژمەی نزیکەی 450 ملیۆن دۆلار دروست دەکرێت. بەگوێرەی کۆمپانیای جێبەجێکار، کاتی تەواوبوونی پڕۆژەکە 14 مانگە.
لە کاتی دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەکەدا، مەسرور بارزانی لە گوتارێکدا گوتی، "پڕۆژەکە لە ماوەیەكی كورتدا تەواو دەبێت و کێشەی کەم ئاویی هەولێر بۆ ماوەی 30 ساڵ چارەسەر دەکات".