پەرلەمانتارانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاساییان خوارد

رووداو دیجیتاڵ 
 
یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد و محەممەد سلێمان وەکو بەتەمەنترین پەرلەمانتار دانیشتنەکە بەڕێوە دەبات.
 
زەنگی چوونەژوورەوەی پەرلەمانتاران کاژێر 12:35ـی ئەمڕۆ (دووشەممە، 2-12-2024) لە پەرلەمانی کوردستان لێدرا بۆ ئەوەی بەربژێرانی دەرچوو بچنە هۆڵی کۆبوونەوە و، ئامادەی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بن.
 
دوای ئەوەی پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد، سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی کوردستان دەرگەی خۆپاڵاوتنی بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردەوە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران، دانیشتنەکە دواخرا.
 
محەممەد سلێمان، سەرۆکی کاتیی پەرلەمان گوتی "پشوویەک وەردەگرین تاوەکو ئەوکاتەی رێژەی یاسایی تەواو دەبێت."