رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، ئۆتۆمبێلی نایاسایی و بێ سەرەتا دەستی بەسەردا دەگیرێت و رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر، بازگەکانیش دەستکراوەن کە رێگە نەدەن ئەم ئۆتۆمبێلانە بێنە ناو شاری سلێمانی.
رۆژی دووشەممە، 02ی کانوونی یەکەمی 2024، لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هەبوونی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و هەڵگری ژمارەی ساختە و جامڕەش بەشێوەیەکی نایاسایی "خەریکە دەبێتە دیاردە".
لیژنە پێیوایە ئەو دیاردەیە "رەنگدانەوەی نەرێنی" دروست دەکات لەسەر ناو و نێوبانگی هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی. جگە لەوەش بە بڕوای لیژنەکە، "لە رووی ئەمنی و یاسایی و تاوانکارییەوە کاریگەری خراپ و لێکەوتەی مەترسیداری هەیە."
لیژنەی ئەمنی بڕیاری داوە، دەست بەسەر ئەو جۆرە ئۆتۆمبیلانەدا بگیرێت. هەروەها گرتنەبەری "رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر جۆرە ئۆتۆمبێلێکی نایاسایی. سەرجەم بازگەکان دەستکراوە دەبن و نابێت رێگە بدەن لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەک هیچ جۆرە ئۆتۆمبێلێکی بێ سەرەتا بێتە ناو شاری سلێمانی."
لیژنەی باڵای ئەمنیی پارێزگای سلێمانی دەشڵێت، "رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو ئۆتۆمبێلانە دەگیرێتەبەر کە هەڵگری تابلۆی ساختە و نایاسایین."
یەکێکی دیکە لە بڕیارەکانی لیژنەکە ئەوەیە، "هیچ رێگەپێدان و نووسراوێک لە هەر لایەنێک جگە لە بەڵگەنامەی فەرمی و یاسایی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆوە دەرکراوە کاریان پێ ناکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ