سووریا شارۆچکەیەکی کوردنشینی حەلەب بۆردوومان دەکات و چارەنووسی چوار منداڵ نادیارە

رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای سووریا بۆردوومانی شارۆچکەیەکی کوردنشینی پارێزگەی حەلەبی کرد، بەهۆیەوە چارەنووسی چوار منداڵی کورد کەوتووەتە مەترسییەوە و دیار نییە بریندارن یان گیانیان لەدەستداوە.
 
رەمەزان محەممەد شێخۆ، کە خەڵکی شارۆچکەی تەلعەرانی سەر بە حەلەبە و لە هەرێمی کوردستان دادەنیشێت بە رووداوی راگەیاند، لە دوێنێوە سوپای سووریا چەند جارێک شارۆچکەی تەلعەرانی بۆردوومان کردووە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆش چوار منداڵی کوردی دانیشتووی تەلعەران بەر بۆردوومان کەوتوون و گواستراونەتەوە نەخۆشخانە.
 
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو منداڵانە، رەمەزان شێخۆ گوتی: "چارەنووسیان نادیارە، چونکە بەهۆی پچڕانی هێڵی ئینتەرنێت و تەلەفۆن ناتوانین پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەین".
 
شارۆچکەی تەلعەران ژمارەی دانیشتووانی 60 هەزار کەس دەبێت و تەنیا یەک کیلۆمەتر لە فڕۆکەخانەی حەلەبەوە دوورە و تاوەکو هەفتەی رابردووش لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی سووریادا بوو.
 
رەمەزان شێخۆ دەڵێت، دوای هێرشی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن بەشێکی زۆری دانیشتووانی شارۆچکەکە، ئاوارە بوون.