ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی داعش رادەگەیێنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان رایدەگەیێنن، لە شاری دێرەزووری سووریا ئەمیرێکی داعشیان دەستگیر کردووە.
 
رۆژی دووشەممە 2ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، رۆژی شەممە، لە پارێزگای دێرەزوور "ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوو"ـیان کردووە.
 
بەری رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵاتی دێرەزوور لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆنتڕۆڵکراوە و حکومەتی سووریاش بەشی رۆژئاوای رووباری فوراتی پارێزگاکەی لەژێر دەستدایە، هەروەها هەندێک گرووپی چەکداریش لە ناوچە بیابانییەکانی پارێزگاکە هەن.
 
ئاسایشی رۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، دەستگیرکردنی ئەمیرەکەی داعش، دوای "زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی ئەمنی ورد" دێت.
 
هەرچەندە ئاسایشی رۆژئاوا ناوی ئەمیرەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام رایدەگەیێنێت، "بەرپرس بووە لە کردنی چەندین تەقینەوە و خەڵکی سیڤیلی کردووەتە ئامانج".
 
گرووپە جیهادییەکان لە 2014 بەشێک لە خاکی عێراق و سووریایان کۆنتڕۆل کرد و "خەلافەتی ئیسلامی"ـیان راگەیاند و تاوەکو 2019 بەتەواوەتی رووخێندرا. 
سەرەڕای ئەوەی رێکخراوی داعش هیچ ناوچەیەکی جوگرافیی دیاریکراوی لە عێراق و سووریا لەژێر دەست نەماوە، بەڵام هێشتا بە هەڕەشە دادەندرێن. 
 
لە نێوەڕاستی مانگی رابردوو، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی چەند هەفتەییدا دژ بە شانە نووستوەکانی داعش، توانیویانە لە کەمپی رۆژ لە رۆژئاوای کوردستان 79 گومانلێکراوی داعش دەستگیر بکەن.