لە شارێکی سنە دەست بەسەر زیاتر لە 15 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری قوروەی پارێزگای سنە دەڵێت، دەستیان بەسەر زیاتر لە 15 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆرەکانی کریستاڵ، هیرۆیین و تریاکدا گرتووە و دوو کەسیش دەستگیر کراون.
 
کامبیز رۆستەم نیا، بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری قوروەی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژی دووشەممە 02-12-2024 رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، بە هاوئاهەنگیی دەسەڵاتی دادی شارەکە، تیمەکانیان دەستیان بە پشکنینی ئەو شوێنانە کردووە کە گومان کراوە مادەی هۆشبەریان تێدا بفرۆشرێت
 
رۆستەم نیا گوتی: "دوای پشکنینی وردی چەند شوێنی دیاریکراو، دەستمان بەسەر 15 کیلۆ و 660 گرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ، هیرۆیین و تریاک دا گرتووە". گوتیشی: "دوو کەسیش کە فرۆشیاری مادەکان بوون دەستگیرکران".
 
بەپێی ئاماری فەرمیی ساڵی 2020ـی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەری ئێران، دوو ملیۆن و 800 هەزار ئالوودەبووی مادەی هۆشبەر لەم وڵاتەدا هەن، هەروەها پێشبینی دەکرێت یەک ملیۆن و 400 هەزار ئالوودەبووی دیکەش هەبن کە تاوەکو ئێستا دەستنیشان نەکراون.