هەناردەی دەروازەی سنووریی مێهران یەک ملیار و 50 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای ئیلام دەڵێت، لە هەشت مانگدا، بایی زیاتر لە یەک ملیار و 50 ملیۆن دۆلار کاڵا، لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە هەناردە کراوە. گوتیشی، رۆژانە لە دەروازە سنوورییەکەوە، 600 بارهەڵگری شتومەک، بەرەو عێراق دەچن.
سۆهراب کەمەری، ئێوارەی یەکشەممە 01.12.2024 رایگەیاند، لە سەرەتای نەورۆزەوە تاوەکو 21-11-2024، زیاتر لە یەک ملیۆن و 859 هەزار تۆن کاڵا و شتومەک لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە، هەناردەی عێراق و وڵاتانی دیکە کراوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی ئیلام، لەو هەشت مانگەدا، بەهای کەلوپەلە هەناردەکراوەکان لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە، یەک ملیار و 52 ملیۆن و 264 هەزار دۆلار بووە.
سۆهراب کەمەری گوتی، هەر لەو ماوەیەدا، بە بەردەوامی رۆژانە لە رێگەی 600 بارهەڵگرەوە، کاڵا و شتومەک لە دەروازەی سنووریی مێهرانەوە، گواستراونەتەوە بۆ عێراق.
وەک سۆهراب کەمەری ئاماژەی دا، ئەو شتومەکەی لە رێگەی دەروازی سنووریی مێهرانەوە هەناردە کراون، زیاتر بریتین لە کەرەستەی کشتوکاڵی، چیمەنتۆ، کاشی، بەرد، شیش و ئاسن و بەرهەمە پلاستیکییەکان.
بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی ئیلام ئەوەشی خستەڕوو، لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی قاچاخی کاڵا، لە دەروازەی سنووریی مێهران دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر شتومەکدا گرتووە کە بەهاکەیان دەگاتە نزیکەی 71 ملیار تمەن (زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار) و بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی رابردوو، 96٪ زیادیکردووە.
دەروازەی سنووریی مێهران بە دووری 85 کیلۆمەتر کەوتووەتە باشووری رۆژئاوای شاری ئیلام و لە دیوی عێراقەوە دەکەوێتە سنووری پارێزگای واست و ناوی (زڕباتیە)یە.