رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە گشتی لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما، نرخی گازی ماڵانیش زیادیکردووە، ئێستا نرخی هەر بوتڵێک بەراورد بە رابردوو نزیکەی 10 هێندە هەڵکشاوە.
لە پارێزگای کرمانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هاونیشتمانییانی کەڵک لە گاز وەردەگیرێت بۆ پێداویستییەکانی، بەڵام رۆژانە نزیکەی 100 کەس لە نۆرەدا دەوەستن بۆ وەرگرتنی بوتڵێک گاز.
لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی گازەوە هاونیشتمانییەک لە جوانڕۆ دەڵێت، "ماوەی چەند رۆژێکە نرخەکەی لە 40 هەزار تمەنەوە چووەتە 230 هەزار تمەن، ئەگەر وابڕوات یان دەبێت واز لە کارکردن بهێنین، یان خواردنەکان بە گرانتر بفرۆشم بە خەڵک، هەر من نیم، چەندین کاسبکار هەن کارییان بە گازە، ئەگەر وابڕوات دەبێت هەموومان واز لە کارەکەمان بهێنین دەرامەتمان لاواز دەبێت و خەڵکیش لە نان خواردن ئەکەون."
تائێستا زۆر ناوچە لە ئێراندا بۆری گازیان بۆ رانەکێشراوە، بەتایبەت لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، هەروەها هەندێک گوندی سەخت و سنووریی رۆژهەڵاتی کوردستانیش هەن، کە گازیان نییە؛ بۆیە بە بوتڵ پێویستیی گازیان دابین دەکەن.
بەڵام لە هەندێک ناوچە سنوورییەکان بۆری گاز تاوەکو بەردەرگای ماڵانیش چووە، بەڵام خەڵک چونکە پارەیان نییە پێداویستییەکانی راکێشانی گاز بکڕن، لە گازی بۆری بێبەشن.
هاونیشتمانییەکی دیکەی جوانڕۆ دەڵێت، گرانی ئەم کەپسوولە[بتڵی گاز] لەسەر دەرامەتی من زۆر کاریگەری دەبێت، بەخوا ئەگەر وابڕوات دەبێت واز لە کارەکانیشمان بهێنین و لە سەرماشدا رەقدەبینەوە، دەبێت بچین کۆڵبەری بکەین، لەوێش بکوژرێین ژن و منداڵمان بێ نان دەبێت."
بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی کۆمپانیای نیشتمانیی دابەشکردنی نەوتی ئێران گرانبوونی گازی رەتکردەوە.
جەعفەر سالاری نەسەب دەڵێت، زیاتر لە 90٪ـی گازی ئێران بە پاڵپشتیی دارایی حکومەت و بە هەمان نرخی پێشوو دابەش دەکرێت، بەڵام هاوینی ئەم ساڵ ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی نەوتی ئەرکدار کردووە لە سەرەتای سێیەم مانگی پاییزەوە بە نرخی کەنداو گاز بەو کەسانە بفرۆشێت کە مەرجەکانی وەرگرتنی گازییان بەو پاڵپشتییە نییە.
ماوەیەک لەمەوبەر رۆژنامەی جەوان لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، حکومەت 105 ملیار دۆلار وەک پاڵپشتی دارایی بە گازی سرووشتی دەدات و تەنیا پێنج ملیار دۆلاری بۆ دەگەڕێتەوە، ئەو رۆژنامەیە باسی لەوەشکردووە، جیاوازی نرخی گازی ناوخۆیی لەگەڵ گازی جیهانی دەخوازێت لە ماوەی پێنج ساڵدا، چاکسازیی لە نرخدا بکرێت. ئەمەش رێگایەکە بۆ ئەوەی حکومەت داهاتی دەسکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ