لە گەرمیان چەند جۆرێک برنجی کوردی بەرهەمدەهێندرێت؛ نەگازە یەکێکە لە باشترینەکان

03-12-2023
هونەر حەمید
جووتیارێک لەسەر زەوییەکەیەتی لەکاتی دروێنەی مەرەزەکەی
جووتیارێک لەسەر زەوییەکەیەتی لەکاتی دروێنەی مەرەزەکەی
A+ A-
 
رووداو - گەرمیان

عوسمان محەممەد جووتیارێکی گوندی دەورەی گەرمیانە، لەگەڵ براکانی ساڵانە 150 دۆنم زەوی لە گوندەکەیان دەکەن بە چەڵتووک. بەڕێوەبەری پاراستنی خۆراک لە کشتوکاڵی گەرمیان دەڵێت، داوایان لە عێراق کردووە قەرەبووی زیانەکانی ساڵی رابردووی جووتیاران بکەنەوە، بەڵام تائێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە.
 
برنجی نەگازە یەکێکە لە باشترین جۆری برنجە کوردییەکان کە لە گەرمیان دەچێندرێت، 100 کیلۆ برنج حەوت تۆن بەرهەمەکەیەتی. لە گوندی دەورە ساڵانە زیاتر لە 400 تۆن برنج بەرهەم دەهێندرێت.
 
عوسمان محەممەد، جووتیار دەڵێت، "لە خوا بەزیادبێت رێژەکەی باشە، بەڵام ئێمە یەک کێشەمان هەیە لەگەڵ حکومەتدا، لە دابینکردنی کوت پاڵپشتییەکمان بکات، ئیدی دەڕاسە بە خوا خۆمان دەیگرین، کرێکارە خۆمان دەیگرین، گرێدەرە خۆمان دەیگرین، شۆڤڵە خۆمان دەیگرین و حکومەت هیچ پاڵپشتییەکمان ناکات. ئێمە ئەوەمان دەوێت لە حکومەت، تەنیا کەمێک کیمیاییەکەمان بۆ هەرزان بکات."
 
ساڵی پار لەسەر داوای وەزارەتی ئاوی عێراق لە گەرمیان مەرەزە نەکرا، ئەو زیانەی پار ساڵ بەر جووتیارانی گەرمیان کەوت بە چوار ملیار و 820 ملیۆن دینار خەمڵێندراوە.
 
ئیسماعیل محەممەد، بەڕێوەبەری پاراستنی خۆراک لە کشتوکاڵی گەرمیان دەڵێت، "داوامان کرد لە وەزارەتی ئاودێریی عێراق قەرەبووی جووتیارەکانمان بکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئەم بەروارە هیچ قەرەبوویەک نەکراونەتەوە."
 
لە سنووری ئیدارەی گەرمیان ساڵانە چەند جۆرێک برنج دەچێندرێن، ئەوانیش نەگازە، بەرازیلی، مەحموود و بازیانن. جووتیارانی گەرمیان لەسەر رووبەری 1615 دۆنم زەوی برنجیان چاندنووە، بەرهەمەکەیان 1494 تۆن برنجە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە