رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان 20 قوتابی برینداربوون.
لەسەر رێگەی سەرەکیی شارۆچکەی بازید لە پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان، بارهەڵگرێک خۆی بە پاسێکی نەفەرهەڵگردا کێشا کە قوتابیانی دەگواستەوە و بەو هۆیەوە بارهەڵگرەکە و پاسەکە وەرگەڕان.
لە ئەنجامی رووداوەکەدا، هەردوو شۆفێر و 20 قوتابی نێو پاسەکە بریندار بوون.
دوای رووداوەکە، ژمارەیەک ئەمبووڵانس چوونە شوێنەکە و سەرجەم بریندارەکان گوێزرانەوە نەخۆشخانە و تەندروستی دوو لە قوتابییەکانیش ناجێگیرە.
9ـی تشرینی دووەمی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، ئاماری 10 مانگی رووداوەکانی هاتووچۆی لە باکووری کوردستان و تورکیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 461 هەزار و 10 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ بەو هۆیەوە دوو هەزار و 525 کەس گیانیان لەدەستداوە و 300 هەزار و 281 کەسی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویاندابوو و لە ئەنجامدا دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستدابوو و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش بریندارببوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ