رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەرە، لە ساڵی 2015 بۆ یەکەم جار لە رێگەی هاوڕێیەکییەوە ماددەی هۆشبەری بەکارهێناوە و دواتر لە 2016 ئالوودە بووە. ئەو تەمەنی 24 ساڵانە و تاوەکو ئێستا شەش جار لەسەر ئەو کارە دەستگیرکراوە.
ئەو بەکارهێنەرە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێت و رووخساری دەربکەوێت، دەڵێت: شەو هەبووە بایی نزیکەی سێ هەزار دۆلار ماددەی هۆشبەری کێشاوە، چونکە ئالوودە بووە. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو پێشتر خاوەن کار بووە و چەند کرێکارێکیش لەبەردەستیدا کاریان کردووە، بەڵام بەهۆی ئالوودەبوونی بە ماددەی هۆشبەر، زۆر شتی لەدەستداوە.
ئێستا نزیکەی 200 کەس لە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی دهۆک لەسەر بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، بە گوێرەی ئاماری لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بێت، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەو پارێزگایە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.
ئالوودەبوویەکی دیکەی ماددەی هۆشبەر قسەی بۆ کردم، گوتی، "نیوەی کۆمەڵگە تووشی ماددەی هۆشبەر بووە، من زۆر کەس دەناسم کە بەکاریدەهێنن و هەموو شتێکیان لەدەستداوە، ژن و منداڵەکانیشیان لەدەستداوە، بەڵام دەستبەرداری ماددە هۆشبەرەکە نەبوون."
بنکەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە دهۆک ئاماژە بەوە دەکات، هەر کەسێک بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربچێت، دەستگیری دەکەن و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ دەکەنەوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی ئەو بنکەیە، لە ماوەی 10 مانگی ئەمساڵدا، 920 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون کە 20 کەسیان ژن بوون، ئێستا 514 کەسیان رەوانەی دادگە کراون.
ساڵی رابردوو، بەپێی ئاماری هەمان بنکە، 1130 کەس دەستگیرکرابوون کە حەوت کەسیان ژن بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ