بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان یاریی دریفت لە رواندز بەڕێوەچوو


رووداو دیجیتاڵ

لە هاوینەهەواری رواندز بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان سەرکێشیی دریفت بەڕێوەچوو. لە پێشبڕکێیەکەدا ئۆتۆمبێلێک گڕی گرت، بەڵام تیمەکان زوو فریای کەوتن و شۆفێرەکەی سەلامەت بوو.
 
حەمە گەردی، شۆفێر بە رووداوی گوت، "سرووشتی یارییەکە وایە تۆ رووبەڕووی هەموو ئەگەرێکی ترسناک دەبیتەوە، ئۆتۆمبێلەکەی من گڕی گرت، بەڵام پێشتر ئامادەکاری و فریاگوزاری ئامادەبوون، بۆیە شوکر بە سەلامەتی لێی دەرباز بووین."
 
یەکەمین جارە ئەم وەرزشە سەرکێشییە لە عێراق و باشووری کوردستان ئەنجام دەدرێت، پێشتر ئەو شۆفێرانە راهێنانیان پێکراوە. ئۆتۆمبێلەکانیش تایبەتن بە یارییەکە. 
 
هاشم داودی، سەرپەرشتیاری چالاکییەکە دەڵێت، "30 شۆفێر بەشداریی ئیڤێنتەکەن و یەکەمین جارە چالاکییەکە دەکرێت و نیازمانە بەهاری داهاتوو لە هەولێر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بیکەین و بۆ ساڵانی داهاتوو بتوانین وەک شۆفێری کورد لە یارییە نێودەوڵەتییەکان بەشداریی بکەین."
 
لە زۆربەی شارەکانی عێراق گەشتیار بۆ بینینی نمایشەکە چووبوونە رواندز، زۆرینەیان بە مۆبایل دیمەنی سەرکێشییەکەیان تۆمار کرد. کاتێکیش ئۆتۆمبێلەکان لێیان نزیک دەبوونەوە، لە دووکەڵدا ون دەبوون و، لە ترسان دووردەکەوتنەوە.
 
بارزان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر بە رووداوی گوت، "ئامانجمان ناساندنی زیاتری سرووشت و ژینگە لەبارەکەی ناوچەکەیە. لەڕووی گەشتیارییەوە دەبینن لە هەموو شارەکانی عێراق گەشتیار هاتووە بۆ بینینی. یارییە سەرکێشییەکان گرنگن کە نیازمانە لەمەودوا گرنگیی زیاتریان پێ بدەین."
 
ئۆتۆمبێلەکان بۆ هەر نمایشێک چوار تایەی نوێیان پێویستە، هەروەها ئەگەر لە کاتی خێراییدا تایەی ئۆتۆمبێلەکان بتەقن، شۆفێرەکەی زیرەک و لێزان نەبێت، ئۆتۆمبێلەکە لە رێرەوی خۆی لادەدات و تووشی وەرگەڕان دەبێت.