کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات. وێنە: ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی نیشتمانیی ئیمارات، پیرۆزبایی لە حکومەت و گەلی ئەو وڵاتە دەکات.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا کە بە زمانی عەرەبی بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: "پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی، حکومەت و گەلی ئیمارات دەکەم بە بۆنەی 51ـەمین جەژنی نیشتمانییان."
نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت: "هیوای بەردەوامبوونی بەرەوپێشچوون و خۆشگوزەرانی بۆ وڵاتی ئیمارات و گەلەکەی دەخوازم. هەموو ساڵێکتان بە خۆشی."
پەیوەندییەکی باش لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات هەیە.
حوزەیرانی 2021، شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات و حاکمی ئیمارەی ئەبوزەبی، بە دانانی ئاڵای کوردستان پێشوازی لە نێچیرڤان بازرانی کرد و پەیوەندییە ئابووری، ئەمنی و سیاسییەکانیان تاوتوێکرد.
ئەو سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی ئیمارات بوو.
هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ سێجار چووەتە ئیمارات.
سەردانی یەکەم لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بوو کە تێیدا لەگەڵ محهممهد بن زاید ئال نههیان کۆبووەوە؛ دووەمیشیان مانگی ئادار بوو کاتێک کە بە یاوەری شاندێک لە شاریقە لەگەڵ محەممەد بن راشد ئالمەکتوم، حاکمی دوبەی و سەرۆکوەزیرانی ئیمارات و شێخ حەمدان بن محەممەد بن راشد، جێنشینی دوبەی، شێخ مەکتووم بن محەممەد بن راشد، جێگری حاکمی دوبەی و جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی و ژمارەیەکی دیکەی بەرپرسانی باڵای ئیمارات کۆبووەوە.
سەردانی سێیەمی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئایار بوو کاتێک کە لە ئەبوزەبی بەشداری لە پرسەی شێخ خەلیفە بن زاید ئال نەهیان کرد و لە لایەن شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان پێشوازی لێکرا.
پەیوەندییەکی بەهێزی ئابووری لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات هەیە. بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، قەبارەی ئاڵۆگۆڕی بارزگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات دەگاتە 2.5 ملیار دۆلاری ساڵانە. 136 کۆمپانیای ئیماراتی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ