دەمیرتاش: پێشنیازم بۆ کرا جێگەی ئۆجەلان بگرمەوە، بەڵام رەتمکردەوە


رووداو دیجیتاڵ 

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە رایگەیاند، هاکان فیدان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا- میت ویستوویەتی لەگەڵی کۆببێتەوە، هەروەها پێشنیازی بۆ کراوە جێگەی ئۆجەلان بگرێتەوە، بەڵام رەتیکردەوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە 1ی کانوونی یەکەمی 2022، حەوتەمین رۆژی 19ـیەمین دانیشتنی دادگە لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ لە 22ەمین دادگەی سزا قورسەکان لە زیندانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە ئەمڕۆ هەینیش بەردەوام دەبێت. 
 
سەلاحەدین دەمیرتاش لە رێگەی سیستمی دەنگ و رەنگ بەشداری کرد و رایگەیاند، لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتیدا، کاتێک شاندەکان دەچوون بۆ ئیمرالی، هاکان فیدان، سەرۆکی میت ویستوویەتی لەگەڵیدا کۆببێتەوە، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە. 
 
دەمیرتاش دەڵێت، بە ئەنقەست دەیانەوێت ئەجێندایەکی بەتاڵ لەنێوان خۆی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەدا دروست بکەن و ئەو دەرک بەوە دەکات.
 
دەمیرتاش گوتی: "با کەس چاوەڕێی ئەوە نەکات هەنگاوێک بۆ دواوە بنێین و خۆمان رادەست بکەین. پێشنیازیان کرد کە من بخەنە شوێنی ئۆجەلان. ویستیان ئۆجەلانێکی بچووک لە من دروست بکەن. من منم و ئۆجەلانیش ئۆجەلانە. ئۆجەلان دەسەڵات و رۆڵی کاریگەری لەسەر سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە. ئێمەش وەک نوێنەرانی سیاسی گەل، لە پەرلەماندا رۆڵی ئاشتی دەگێڕین." 
 
لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ بە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپەوە 108 ئەندام و بەرپرسی هەدەپە دادگایی دەکرێن کە 17 کەسیان ئێستا لە زیندانن. 
 
رووداوەکانی کۆبانێ لە رۆژانی 6-8ی تشرینی یەکەمی 2014 روویاندا. 
 
دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014دا هێرشیکردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد رێگە بە ناردنی چەک و هاوکاری دیکەی سەربازیی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە. 
 
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپێشاندان دەستیپێکرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند.
 
گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا 46 سڤیل و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس برینداربوون، 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێنران. 
 
حکومەتی تورکیا رۆژی 4ی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد و هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاری ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بەبڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە.
 
یەکەم دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە رۆژی 26ی نیسانی 2021 لە 22مین دادگای سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو و تائێستا بەردەوامە.