لە جوانڕۆ گورگ چوار کەس بریندار دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری جوانڕۆی پارێزگای کرماشان گورگێک چووەتە نێو بازاڕ و چوار کەسی بریندارکردووە.
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، گورگێک لە شەقامێکی قەرەباڵخی گەڕەکی سنجاوی شاری جوانڕۆ دەرکەوتووە و چووەتە نێو دووکانی هاونیشتمانییەک و دووکاندارەکەی بە سەختی بریندارکردووە.
 
ئەو دووکاندارە لەبەر سەختی برینەکانی بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانی شاری کرماشان گواستراوەتەوە.
 
بە گوتەی هاونیشتمانییەک لە جوانڕۆ، خەڵک گوشاریان لە گورگەکە کردووە و چووەتە نێو ئەو دووکانە و هێرشی کردووەتەسەر دووکاندارەکە.
 
هاوکات بە گوتەی فەرەیدوون یاوەری، بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی جوانڕۆ، ئەو گورگە سێ کەسی دیکەشی بریندارکردووە، بەڵام برینەکانیان سووک بوونە و هەر لە جوانڕۆ چارەسەریان بۆ کراوە.
 
هاونیشتمانییەک لە جوانڕۆ دەڵێت: "ئەوە گورگ نەبووە، بەڵکو سەگی هار بووە". 
 
هەروەها مەولوود حوسەینی، بەرپرسی ناوەندی تەندروستیی جوانڕۆ، رایگەیاندووە بریندارەکان دەرزی دژە هارییان لێدراوە. بەڵام بەرپرسانی شاری جوانڕۆ دەڵێن ئاژەڵەکە گورگ بووە.