وەزیری کشتوکاڵ: ناچاربووین دەرگای هاوردەکردنی پەتاتە بکەینەوە

02-12-2021
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە ئەمڕۆوە قەدەخەی هاوردەکردنی پەتاتە لە دەرەوە هەڵدەگیرێت و رێگە دەدرێت ئەو بەرهەمە هاوردە بکرێت؛ دەشڵێت تاوەکو 15ی نیسانی 2022 رێگە بە هاوردەکردنەکە دەدرێت. وەزیری کشتوکاڵیش دەڵێت، "ناچاربووین دەرگای هاوردەکردن بکەینەوە".
 
حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رۆژی پینجشەممە 02-12-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئەمڕۆوە رێگە بە هاوردەکردنی پەتاتە لە دەرەوەی وڵات دەدرێت و بازرگانان دەتوانن بۆ لەمەودوا پەتاتە هاوردە بکەن، چونکە بەهۆی کەمبوونەوەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و بەرهەمی ناوخۆیی، نرخی پەتاتە بەرزبووەتەوە".
 
لەبارەی ئەو هەنگاوەی وەزارەتەکەشیەوە، حوسێن حەمە کەریم گوتی، "بەپێی خشتەی رۆژژمێری کشتوکاڵی، دەبوو لە رۆژی 15-11-2021ـەوە قەدەخەی سەر هاوردەکردنی پەتاتە لە دەرەوەی وڵات هەڵگیرابا، بەڵام بەهۆی ئەوەی پەتاتەی پارێزگای دهۆک مابوو، بۆیە بۆ بەرژەوەندیی گشتی و بۆ هاندانی بەرهەمی خۆماڵی و پشتیوانیکردن لە جووتیارانی خۆمان، بڕیارەکە دواخرا و خرایە ئەمڕۆ".
 
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕیی میدیایی رووداوی راگەیاند، ماوەیەکە نرخی پەتاتە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە بۆیە "ناچاربووین دەرگای هاوردەکردن بکەینەوە" بۆ پڕکردنەوەی پشکی بازاڕەکانی کوردستان، گوتیشی، "بەڵام چاوەڕوان دەکەین تاوەکو رۆژی یەکشەممە، ئەگەر وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی بڕی پێویستی پەتاتەی لە بازاڕەکانی کوردستان دابین کرد، ئەوکات رێگەی هاوردەکردن دادەخەین".
 
وەزیری کشتوکاڵ ئەوەشی خستەڕوو، "نوێنەری وەزارەتمان راسپاردووە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و کردنەوەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بوو بۆ هاوردەکردنی پەتاتە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بۆ بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دابەزاندنی نرخ".
 
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان کە رۆژی پێنجشەممە 02-12-2021، بە ژمارە 8463 ئاراستەی وەزارەتی دارایی کردووە و ناونیشانی "هەڵگرتنی قەدەخە لەسەر پەتاتەی خواردنی هاوردە" هەیە، تێیدا هاتووە، "بەهۆی کەمبوونەوەی پەتاتەی خواردنی ناوخۆ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی نرخەکەی کە رۆژ لەدوای رۆژ لە بەرزبوونەوەدایە، بڕیارماندا بە هەڵگرتنی قەدەخە لەسەر بەرهەمی پەتاتەی خواردنی هاوردە لە دەرەوەی وڵات لە رۆژی 02-12-2021".
 
حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەرهەمی نێوخۆییەوە ئاماژەی بەوە کرد، "ساڵانە 400 هەزار تۆن پەتاتە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت، ئەگەر هەناردەی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور نەکرێت 100% بەشی پێداویستیی ناوخۆ دەکات، بەڵام ئەو بڕەشی کە هاوردە دەکرێت ناگاتە ئەو ژمارەیە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە