هەسەدە: تورکیا دەیەوێت ناوچەی دیکە لە رۆژئاوای کوردستان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە

کینۆ گابرێل، گوتەبێژی هەسەدە
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوەیە ناوچەی دیکە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، تاوەکو ئێستا کاردانەوەکانی ئەمریکا لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا نادیارە.
 
کینۆ گابرێل، گوتەبێژی هەسەدە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بۆ ئەوەیە بزانن تا چ رادەیەک دەتوانن سوود لە نائارامیی سیاسیی ناوچەکە وەربگرن. ئەوان هەوڵ دەدەن هەندێک ناوچەی دیکەی سووریا بخەنە لێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە."
 
لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکییەکانەوە لەسەر هێرشەکان، کینۆ گابرێل گوتی: "هێرشەکانی تورکیا بۆ بەئامانجگرتنی ئارامیی ناوچەی باکوور و رۆژهەلاتی سووریایە. تاوەکو ئێستا کاردانەوە لەلایەن ئەمریکاوە دژی پێشێلکارییەکانی تورکیا نادیارە، بەڵام ئێمە بەڵگەکانی خۆمان لە ناوچەکانی ئاگربەست و سنووری پێشکەش دەکەین. لایەنی ئەمریکا کار لەسەر لایەنی دیپلۆماسی دەکات. ئەوەی بە لای ئەوانەوە گرنگە ئەوەیە رووسەکان بە رۆلی خۆیان هەڵسن."
 
گوتەبێژەکەی هەسەدە ئاماژەی بەوە دا، هێرشەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو، بە تایبەتی لە عەین عیسا، شتێکی بەردەوامە. لە ناوچەی خابوور و سەرێکانی و ناوچەکانی دیکە تۆپخانە و هاوەنیش لە هێرشەکانیاندا بەکاردەهێنن، ئەو هێرشانە بۆ بەئامانجگرتنی ئارامیی ناوچەکەیە.