33 ملیار دینار بۆ تەواوکردنی 11 بەنداو تەرخاندەكرێت

 
رووداو - هەولێر 

 

ئەنجوومەنی وەزیران هەرێمی كوردستان بڕی 33 ملیار دینار بۆ تەواوكردنی 11 بەنداو تەرخان دەكات ‌و بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانیش دەڵێت، "لەو بەنداوانەی كار تێیاندا وەستابوو، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە كاردەكەینەوە".
 
ئەكرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕە پارەیەكی باشی بۆ دەستپێكردنەوەی كاركردن لە بەنداوە تەواونەكراوەكان تەرخانكردووە ‌و "پارەكە 33 ملیار دینارە بۆ بەنداوە تەواونەكراوەكان كە ژمارەیان 11 بەنداوە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بەنداوانەی تەواونەكراون، رێژەی تەواوبوونی كارەكانیان جیاوازە و گوتی "هەیانە 30% تەواوبووە، هەشیانە 90%ـی كارەكانی تەواوبووە، لە چەند رۆژی داهاتووشدا كاركردن تێیاندا دەستپێدەكاتەوە".
 
لە هەرێمی كوردستاندا 17 بەنداوی گەورە ‌و بچووك هەن، هەریەك لە بەنداوەكانی دووكان ‌و دەربەندیخان ‌و دهۆك بەنداوی گەورەن، وەرزی بارانبارینی ساڵی پێشووش بەهۆی زۆری بارانبارینەوە سەرجەم بەنداوەكان سەرڕێژ بوون.