پارێزگای سنە زیاتر لە ٢٨٠ هەزار نەخوێندەواری هەیە

03-12-2014
فواد حەقیقی
روودا
روودا
نیشانەکردن پارێزگای سنە
A+ A-
رووداو- هەولێر

نەخوێندەواریی هێشتا کێشەیەکی گرینگی رۆژهەڵاتی کوردستانە و هۆکاری جیاوازی بۆ باسدەکرێ. یەکێک لە بەرپرسانی پارێزگای سنە، نەبوونی ئیمکانات، وازهێنان لە خوێندن و هەروەها سەرکەوتوو نەبوونی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ رێگری لە پەرەنەسەندنی نەخوێندەواری، وەک هۆکارەکانی بوونی ژمارەیەکی زۆری نەخوێندەواران لە پارێزگای سنەدا باس دەکات. پارێزگایەک کە یەکێک لە  شەش پارێزگای نەخوێندەوار لە ئاستی ئێراندایە.

بەپێی سەرژمێرییەکانی سێ ساڵ پێشتر، پارێزگای سنە زیاتر لە ٢٨٠ هەزار نەخوێندەواری هەیە. ئامارێک کە پشتی بە لێدوانی خەڵک بەستووە. ئەمە واتە هەر کەس بۆ خۆی بڕیاریداوە کە خوێندەوارە یا خوێندەوار نییە. ئەمەش ئامارێکی راست و دروستی لێ دەرنەچووە. یەکێک لە جێگرانی پەروەردەی پارێزگای سنە باس لەوە دەکات کە ٣٠ لەسەدی ئەو ئامارە راست نەبوون.

لە شارەکانی پارێزگای سنەدا، شاری کامیاران ئامارێکی بەرزی نەخوێندەوارانی هەیە. بەپێی ئامارێک کە بەرپرسانی خۆجێیی بڵاویان کردەوە، دوو هەزار و ٩٠ کەس نەخوێندەوارن. لە شارێکی نزیک بە سەد و ٦ هەزار کەسیدا. پەرویز دەوڵەتیاری لە بەرپرسانی پەروەردەیی کامیاران، دەڵێ: سێ ساڵ پێشتر ژمارەی نەخوێندەوارەکانی ئەو شارە شەش هەزار و ١٩٠ کەس بووە.

هەڵبەت ئەمە جگەلە ژمارەی نەخوێندەوارانی شارۆچکەی موژژ. کە شارۆچکەیەکی سەر بە شارستانی کامیارانە. ژمارەی نەخوێندەوارانی موژژ ٣٣٠٠ کەسە. نەخوێندەوارانی شارستانی کامیاران زیاتر لە ٧ لەسەدی کۆی نەخوێندەوارەکانی پارێزگای سنە پێکدەهێنن.

ریشەکێشکردنی نەخوێندەواری تەنیا بە پەروەردە و بارهێنان مەیسەر نابێت. بۆیە بەرپرسانی پەروەردەیی شاری کامیاران خوازیاری هاوکاری دامودەزگا حکومتییەکانی دیکە بوون. تا بەڵکو ئیدی رێگاکانی نەخوێندەواری بۆ هەمیشە ببەسترێ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە