راگەیاندنی فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە: فرۆشی سێ رۆژمان ملیارێک و 435 ملیۆن دینار بوو
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی راگەیاندنی کشتوکاڵی هەڵەبجە رایگەیاند، فرۆشی سێ رۆژی ڤێستیڤاڵەکە ملیارێک و 435 ملیۆن دینار بوو. ئەندامێکی لیژنەی سەرپەرشتیاریش دەڵێت، ئەم ساڵ ژمارەی گەشتیار و سەردانکاران بەراورد بە پار، زیادبووە.
ئەمڕۆ (شەممە، 2 تشرینی دووەم) هاشم عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی کشتوکاڵی هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "دوو هەزار کەس بۆ ڤێستیڤاڵی هەنار ناویان تۆمارکردبوو، بەڵام 700 کەس ناوەکانیان لە رێگەی تیروپشکەوە دەرچوو."
بەرپرسی راگەیاندنی کشتوکاڵی هەڵەبجە گوتی، "کەپرەکان و دووکانەکانی فێستڤاڵەکەمان دابەش کردبوو، 250 کەپر و دووکان، ئامادەکرابوون بۆ بەرهەمی هەنار و بەروبوومی کشتوکاڵی، 200 کەپر و دووکان بۆ کاری دەستی و کەسانی بەهرەمەند، 175ـیان بۆ خواردنە کوردەوارییەکان و 75ـشیان بۆ بەرهەمی هەنگوین، کارگەکان و بەروبوومی وشکی پاییزە."
هاشم عەلی دەڵێت، "فرۆشی سێ رۆژی فێستیڤاڵی هەنار، ملیارێک و 435 ملیۆن دینار بوو."
لە بارەی ژمارەی گەشتیاران و سەردانکاران، ئەرسەلان حەسەن، ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتیار دەڵێت، "ئەم ساڵ زۆر زیاتر بوو لە پار، لە هەرسێ رۆژ دا نزیکەی 300 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کرد، بەڵام پار 270 هەزار کەس هاتن."
ئەرسەلان حەسەن گوتی، "رۆژی یەکەمی فێستیڤاڵەکە، واتا 31 تشرینی یەکەم، 80 هەزار کەس سەردانیان کرد، لە رۆژی دووەمدا 110 هەزار و رۆژی سێیەمیش واتا ئەمڕۆ نزیکەی 100 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجەیان کرد."
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ساڵانەی هەناری هەرێمی کوردستان زیاتر لە 80 هەزار تۆنە کە نزیکەی 30 هەزاری لە پارێزگای هەڵەبجەیە.
رۆژی 31ـی مانگی رابردوو فیستیڤاڵی ساڵانەی هەنار لە هەڵەبجە دەستیپێکرد. ئەمڕۆ شەممە 2 تشرینی دووەم کۆتا رۆژی ڤێستیڤاڵەکە بوو.
لە فێستیڤاڵەکەدا جگە لە هەنار، هەنگوین، دۆشاو، مێوژ، گوێزی هەورامان، خواردنە کوردەوارییەکان، بەرهەمە کولتوورییەکان و کارە دەستییەکانی خانمان دەخرێنەڕوو.