بەرگریی شارستانیی هەولێر بۆ شۆفێران: ئۆتۆمبێل لای پردی سەیداوە و گڵکەند رامەگرن

02-11-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرگریی شارستانیی هەولێر داوا لە هاونیشتمانیان دەکات، ئۆتۆمبێل لەو شوێنانە رانەگرن ساڵانی رابردوو لافاویان تێدا دروستبووە، لەنێویاندا لای پردی سەیداوە.
 
لە دوێنێوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، درەنگی شەوی شەممە تاوەکو کۆتایی رۆژی یەکشەممە چەقی شەپۆلەکە دەبێت و ناوبەناو لێزمە باران دەبارێت. بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاندووە، "لە ئامادەباشیداین و هەموو ئامادەکارییەکمان بۆ رووداوی نەخوازراو کردووە".
 
مقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو ساڵێك هۆشداری و رێنوێنی بڵاو دەکەینەوە کە لە کاتی هاتنی شەپۆلی بارانبارین کەس ئۆتۆمبێل لەو شوێنانە رانەگرێت کەوا گردبوونەوەی ئاو یاخود لافاو دەیانگرێتەوە، بەڵام هاووڵاتیان پابەند نابن".
 
شاخەوان سەعید گوتی، "داوادەکەین لەو شوێنانە ئۆتۆمبێل رانەگرن کە مەترسییە بۆ سەر ژیانی خۆیان و بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکانیان تاکو ئەم شەپۆلی باران بارینە تەواو دەبێت".
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، "ئەو شوێنانە دیارن ساڵانە ئاویان تێدا کۆدەبێتەوە، بەتایبەت پردی سەیداوە و گڵکەند، رێنوێنییەکانمان بەتایبەت بۆ ئەو ناوچانەیە، کە بەداخەوە خەڵک وێڕای هۆشدارییەکان ئۆتۆمبێلی تێدا رادەگرن".
 
بەگوێرەی پێشبینیی کەشناسان، لەم شەپۆلەی بارانباریندا زۆرترین رێژەی بارین لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و هەڵەبجە دەبێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە