کشتوکاڵی هەڵەبجە: هیچ داواکارییەکمان بۆ هەناردەکردنی هەنار بەدەستنەگەیشتووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بازرگانێکی نێوخۆیی داواکاری بۆ هەناردەکردنی هەناری هەڵەبجە پێشکێش نەکردوون.
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ داواکارییەکمان لەلایەن بارزگانە نێوخۆییەکانەوە بەدەستنەگەیشتووە کە داوا بکەن هەناری شارەکەمان بۆ دەرەوەی وڵات هەناردە بکەن. پار لەم کاتانەدا هەنار هەناردە دەکرا."
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە گوتیشی، "مەزەندە دەکرێت بەرهەمی هەناری ئەم ساڵی هەڵەبجە 25 بۆ 30 هەزار تۆن بێت."
هەر لەو بارەیەوە زێدا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەدواچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ نووسراوێکمان بۆ هەناردەکردنی هەناری هەڵەبجە بۆ دەرەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجەوە بەدەستنەگەیشتووە".
زێدا محەممەد دەشڵێت، "هەناردە کردنی هەنار بۆ خواروو و نێوەڕاستی عێراق بەردەوامە. سەرەڕای ئەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە دەتوانێت بێ گەڕانەوە بۆ وەزارەت، لەرێگەی دەروازەکانی سنووری خۆیانەوە هەنار هەناردە بکەن".
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ساڵانەی هەناری هەرێمی کوردستان زیاتر لە 80 هەزار تۆنە کە نزیکەی 30 هەزاری لە پارێزگای هەڵەبجەیە.
رۆژی 31ـی مانگی رابردوو ڤیستیڤاڵی ساڵانەی هەنار لە هەڵەبجە دەستیپێکرد. بەگوێرەی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، رۆژی یەکەمی فێستیڤاڵی هەنار 80 هەزار و رۆژی دووەم 110 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە.
لە فێستیڤاڵەکەدا هەنگوین، دۆشاو، مێووژ، گوێزی هەورامان، خواردنە کوردەوارییەکان، بەرهەمە کولتوورییەکان و کارە دەستییەکانی خانمان دەخرێنەڕوو.