بارانبارین دەستپێدەکات و هۆشداریی دروستبوونی لافاو دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی پێشبینیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، شەپۆلی بارانبارین کە دوێنێ بەشێکی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، ئەمڕۆ دەگاتە تەواوی شارەکان. کەشناسان هۆشداری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو دەدەن. بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "لە ئامادەباشیداین."
بەگوێرەی پێشبینی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی کوردستان، شەپۆلی بارانبارین ئەمڕۆ فراوانتر دەبێت و چەقی بارانەکەش درەنگانی ئەمشەو بۆ ئێوارەی یەکشەممە دەبێت و پێشبینیش دەکرێت لە هەندێک شوێن نزیکەی 40 ملیمەتر باران ببارێت.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ ناوبهناو ئهگهری بارانبارین و ههوره برووسكه لە ناوچە جیاکان هەیە؛ لە بەشێکی شارەکانیش بارانی بەخوڕ دەبارێت."
بە گوتەی ئەو کەشناسە، درەنگانی ئەمشەو شەپۆلی بارانبارین چڕ دەبێتەوە و "له سهرجهم شارهكانی باشووری كوردستان ئهگهری بارانبارینی باش تاوەکو نیوەڕۆی یەکشەممە هەیە. دووشەممەش لە هەندێک شوێن و لە هەندێک کات باران دەبارێت و دواتر شەپۆلەکە لاواز دەبێت."
محەممەد کەمال گوتی، "ئەگەری لافاو لە دۆڵەکان هەیە و لە شارەکانیش ئاستی ئاو بەرز دەبێتەوە."
بەرگری شارستانیی هەرێمی کوردستان: لە ئامادەباشیداین
لەبارەی ئامادەکارییانەوە بۆ رووبەڕوونەوەی هەر مەترسییەکی باران و لافاو، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "گشت هێزەکانی بەرگریی شارستانی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ هەر ئەگەرێک و پێشهاتێکی لەناکاو."
بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان ئەم رێنوێنانەی هاونیشتمانیان دەکات:
- دووربکەونەوە لەو شوێنانەی ساڵانی رابردوو ئاویان تێدا کۆدەبوویەوە، بەتایبەتی ژێر پردەکان و ئەو ناوچانەی رێڕەوی ئاون.
- ناوچە نزمەکان، بەتایبەت کەند و چەمەکان مەترسیدارن، بەهۆی هاتنی ئاوی باراناو و لێیان دووربکەونەوە.
- دەبێت شوانەکان لەو ناوچانەی رێرەوی ئاوی بارانن دووربکەونەوە.
- لە دەشت و ناوچە شاخاوییەکان برووسکەی مەترسیدار دەبن و دەبێت شوان و گوندنشینان ئاگاداربن.
"زۆرترین باران لە خانەقین باریوە"
بەگوێرەی راگەیێندراوی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لە 12 کاژێری کۆتایی دوێنێ هەینیدا بارانبارین لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە بووە:
- کەلار: 9.6 ملیمەتر
- هەڵەبجە: 7.4 ملیمەتر
- دەربەندیخان: 7.0 ملیمەتر
- مەیدان: 8.6 ملیمەتر
- خانەقین: 15.2 ملیمەتر
- خورماتوو: 1 ملیمەتر
- کەرکووک: دڵۆپ دڵۆپ
هەر بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە نزمترین پلەی گەرما لە پێنجوێن تۆمارکراوە کە 5 پلەی سیلیزییە؛ هەروەها لە حاجی ئۆمەران شەش پلەی سیلیزی تۆمار کراوە.