رووداو دیجیتاڵ
شەهد ئەحمەدی تەمەن 10 ساڵان لەدوای پەلاماردانی لەلایەن کۆمەڵێک سەگەوە، دوای ماوەیەکی کەم گیانی لەدەستدا.
دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینی، شەهد لەگەڵ باوکی دەچێتە سەر کار و کاتی گەڕانەوەیان رەوەسەگێک پەلاماری دەدەن و دەیکوژن؛ خوێنی شەهد هێشتا بە دەم و کەڵبەی سەگەکانەوە وشک نەبووەتەوە.
ئەحمەد عەلی، باوکی شەهد بە رووداوی گوت، "نزیکەی 50 سەگ دەورەیان لێدابوو، کاک جەعفەر کوردە و بە ئۆتۆمبێلەکەی توانی سەگەکان دووربخاتەوە، ئەو سەگانە مرۆڤ دەخۆن؛ زۆر برسین، ئەو کچە یەکەمجارە لەگەڵم هاتبوو، ئەوە یەکەمجارە ئەم رووداوەم بەسەر بێت، بەڵام دەڵێن پێشتر رووداوی دیکە هەبووە."
شەهد، لە ماڵباتێکی خەڵکی پارێزگای سەلاحەدینە و باوکی لە سنووری ناحیەی شەمامک بە جووتیاری بژێویی پەیدا دەکات.
نزیکەی ساڵێکە سەگی بەرەڵا لە گوندی پیرداود ئەوەندە زیاد بوون، کە کە ئۆقرەیان لە دانیشتووانەکەی بڕیوە.
مام ئیدریس نزیکەی 5 ساڵە لە گوندەکە نیشتەجێیە و دەڵێ دەبێ پاسەوانی منداڵەکانمان بکەین لەکاتی چوون و گەڕانەوەیان بۆ قوتابخانە.
ئیدریس عەزیز، دانیشتووی گوندی پیرداود بە رووداوی گوت "40 بۆ 50 سەگ لێرە دەسووڕێنەوە، شەوانیش بەنێو کۆڵانەکان وەردەبن، یەک کەس ناتوانێ بە شەو بێتە دەرەوە و سلکێتێتی مووەلیدە لێبداتەوە، داوا دەکەین چارەسەرێکمان بۆ بدۆزنەوە، چەندجارێک شارەوانی هاتووە، بەڵام یەک شوفێر بووە و هیچی پێناکرێت، زۆر خراپە، کە منداڵ بۆ قوتابخانە دەڕۆن دەبێت دایک و باوکیان رەوانەیان بکەن و دواتر بیانهێنەوە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە 11 مانگی ئەم ساڵدا 10 جار سەگ پەلاماری مرۆڤیان داوە و، چواریان بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ