پارێزگای هەولێر: هیچ هۆکارێک بە پێویست نابینین تاوەکو سبەی بکرێتە پشوو

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگای هەولێر رایگەیاند سبەی لە سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگاکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەوام ئاساییە.
 
پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی "پشووی سبەی لە سنووری پارێزگای هەولێر" ئەمشەو، (شەممە، 2-11-2024) رایگەیاند "هیچ هۆکارێک بە پێویست نابینین تاوەکو سبەی بکرێتە پشوو."
 
لە روونکردنەوەکەی پارێزگای هەولێردا هاتووە "هاووڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان دڵنیادەکەینەوە، هەموو ئامادەکارییەکی پێویست کراوە و تیمەکانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانیش لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ رێگریكردن لە روودانی هەر حاڵەتێکى نەخوازراو و چارەسەركردنی، پشتیوان بە خودای گەورە هەموو لایەک سەلامەت دەبن."
 
هەروەها دەڵێ "سەبارەت بە پشووی سبەیش، وەک پارێزگای هەولێر، هیچ هۆکارێک بە پێویست نابینین تاوەکو بەیانی (رۆژی یەکشەممە، 3-11-2024) بکرێتە پشوو، هەموولایەک ئاگاداردەکەینەوە بەیانی لە سەرجەم فەرمانگە و دامودەزگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، دەوام ئاساییە و پشوو نییە."
 
لە دوێنێوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، درەنگی شەوی شەممە تاوەکو کۆتایی رۆژی یەکشەممە چەقی شەپۆلەکە دەبێت و ناوبەناو لێزمەباران دەبێت. 
 
بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاندووە، "لە ئامادەباشیداین و هەموو ئامادەکارییەکمان بۆ رووداوی نەخوازراو کردووە." 
 
بەپێی ئامارێکی کەشناسی هەرێمی کوردستان، لە کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ تاوەکو 9:00ـی ئەمشەو لە هەولێر 2.6 ملیم باران باریوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە