بەهۆی دۆخی کەشوهەوا سبەی لە ناوەندەکانی خوێندن لە کەرکووک پشووی فەرمییە

رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگای کەرکووک رایگەیاند "بەپشتبەستن بە راپۆرتی کەشوهەوا" سبەی لە سەرتاسەری پارێزگای کەرکووک، لە ناوەندەکانی خوێندن پشووی فەرمییە.
 
لە راگەیێندراوێکدا ئەمشەو (شەممە، 2-11-2024) پارێزگای کەرکووک رایگەیاند "رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک فەرمانی به بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی کەرکووک کرد سبەی یەکشەممە، دەوامی فەرمی لە سەرجەم قوتابخانە بنەڕەتی، ناوەندی و دواناوەندییەکانی کەرکووک لە سەرتاسەری کەرکووک رابگرێت، جگە لە خوێندکارانی تاقیکردنەوەکانی خولی سێیەم."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هەروەها هاتووە "پارێزگار فەرمانیشی كرد بە راگرتنی دەوامی فەرمی لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیی و ئەهلییەکان، لەپێناو سەلامەتیی قوتابیان و خوێندکارانی خۆشەویستمان."
 
لە دوێنێوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، درەنگی شەوی شەممە تاوەکو کۆتایی رۆژی یەکشەممە چەقی شەپۆلەکە دەبێت و ناوبەناو لێزمەباران دەبێت. 
 
بەپێی ئامارێکی کەشناسی هەرێمی کوردستان، لە کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ تاوەکو 9:00ـی ئەمشەو لە كەركووک 18.2 ملیم باران باریوە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە لافاو زیانی گیانی و مادی هەبوو لە سنووری کەرکووک، ئەمڕۆ لە ناحیەی عەباسیی پارێزگاکە لافاو ژنێکی برد و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.