رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی پیرداودی سنووری پارێزگای هەولێر، گەلەسەگ پەلاماری کچێکی 10 ساڵان دەدەن و بە سەختی برینداری دەکەن، دوای چەند خولەکێک کچەکە گیانی لەدەستدا.
رووداوەکە، دوێنێ هەینی، 01-11-2024، لە کێڵگەیەکی نزیک گوندی پیرداود روویداوە. کچەکە ناوی شەهد ئەحمەدە و بە رەچەڵەک عەرەبە و خەڵکی پارێزگای سەلاحەدینە.
ئەحمەدی باوکی شەهد بە رووداوی گوت "پێنج ساڵە لە سنووری گوندی شەمامکین، من جووتیارم و لەبەر نەبوونی کچەکەم لەگەڵ خۆم دەبەم بۆ کێڵگە."
لەبارەی رووداوەکەوە باوکەکە دەڵێ، "کاژێر 12:30 لە کێڵگەکە کارمان دەکرد، لەوێ نزیکەی 50 سەگ دەبوون پەلاماریان دا، ڤیدیۆی هێرشی سەگەکان هەیە، لەوکاتە خاوەنی کێڵگەکە تەقەی کرد بۆ ئەوەی سەگەکان بڕۆن، بەڵام گەزەیان لە سەری، ملی، سینگی و چەند شوێنێکی دیکەی داوە، تەنانەت پارچە گۆشتیان لە رانی و سکی کردبووەوە."
هەر لەبارەی ئەو رووداوە، هاونیشتمانییەک بەناوی عەلی رەحیم بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شوێنێکی کۆکردنەوەی خاشاک لەنێوان گوندی پیرداود و مێرخوزار هەیە، کچەکە چووبووە ئەو شوێنە و سەگ پەلاماری داوە، هەموو کات ئەو شوێنە گەلەسەگی لێیە، هەندێک کات زیاتر لە 50 سەگ لەوێ کۆدەبنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ