رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگری شارستانیی دهۆک دەڵێت، لە کاتی بارینی بارانێکی زۆر، ئەو هاووڵاتییانەی ماڵیان لە بەنداوەکانەوە نزیکە، پێویستە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
لە دوێنێوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، درەنگی شەوی شەممە تاوەکو کۆتایی رۆژی یەکشەممە چەقی شەپۆلەکە دەبێت و ناوبەناو لێزمە باران دەبارێت.
بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاندووە، "هەموو ئامادەکارییەکمان بۆ رووداوی نەخوازراو کردووە."
ئەمڕۆ (شەممە، 2 تشرینی دووەم) بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پیشبینی دەکرێت ئەمڕۆ و سبەی (یەکشەممە) بارانێکی چڕ هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، ئەگەری هەیە ببێتە هۆی دروستبوونی لافاو، هەموو تیمەکانمان ئامادەن بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازاو و دروستبوونی لافاو؛ بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکەین ئاگاداربن."
بێوار عەبدولعەزیز گوتی، "داوا لە هەموو هاووڵاتییان دەکەین دووربکەوەنەوە لەو شوێنانەی لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لافاویان لێ دروستبوو، لە ئەگەری هەر حاڵەتێکی نەخوازراویش پەیوەندی بە ژمارە 115 بکەن."
گوتیشی، "ئاگاداری ئەو هاووڵاتییانە دەکەینەوە، کە خانووەکانیان دەکەونە نزیک بەنداوەکان، وەک بەنداوی بەرێ بوهارێ کە لە کاتی بارانی زۆردا مەترسیی لەسەرە، چونکە ئەگەری هەیە بەنداوەکان پڕبن، یاخود ئەوانەی دەکەونە نزیک رووباری هیشکەڕۆ، گەڕەکی ماڵتا، شاخکێ و بەرۆژکێ، ئەم شوێنانە مەترسیی دروستبوونی لافاویان هەیە لە پارێزگای دهۆک."
هاوکات مقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە رووداوی گوت، "هەموو ساڵێك هۆشداری و رێنوێنی بڵاودەکەینەوە کە لە کاتی هاتنی شەپۆلی بارانبارین کەس ئۆتۆمبێل لەو شوێنانە رانەگرێت کە گردبوونەوەی ئاو یاخود لافاو دەیانگرێتەوە، بەڵام هاووڵاتیان پابەند نابن."
شاخەوان سەعید دەڵێت، "ئەو شوێنانە دیارن کە ساڵانە ئاویان تێدا کۆدەبێتەوە، بەتایبەت پردی سەیداوە و گڵکەند، رێنوێنییەکانمان بەتایبەت بۆ ئەو ناوچانەیە، کە بەداخەوە خەڵک وێڕای هۆشدارییەکان، ئۆتۆمبێلی تێدا رادەگرن."
بەگوێرەی پێشبینیی کەشناسان، لەم شەپۆلەی بارانباریندا زۆرترین رێژەی بارین لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و هەڵەبجە دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ