رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، 9 هەزار لوبنانی لە کەربەلا تۆمارکراون و 150 قوتابی چوونە بەرخوێندن.
قەیس حەسەن غانمی، بەڕێوبەری لقی فوراتی ناوەڕاست لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، رۆژی شەممە 02-11-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا دوو هەزار و 350 خێزانی لوبنانی لە پارێزگای کەربەلا تۆمارکراون، کە نزیکەی 9 هەزار کەسن".
لوبنانییەکان زیاتر لەڕێگەی دەروازەی وشکانیی قائیم لە پارێزگای ئەنبار، فڕۆکەخانەکانی بەغدا و نەجەف دەچنە عێراق. بە گوتەی عیسام شەرەفەدین، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی لوبنانی، 33 هەزار لوبنانی چوونەتە عێراق. قەیس غانمی دەڵێت، "رۆژانە 150-250 خێزانی لوبنانی لە کەربەلا تۆمار دەکرێن".
لوبنانییەکان دابەشبوونە بەسەر پارێزگاکانی کەربەلا، نەجەف، بەغدا، بەسرە، بابل، واست، دیالە، سەلاحەدین و نەینەوا و شوێنی دیکە. ئەو بەرپرسە دەڵێت، "زۆربەیان لە هۆتێلەکانی مەزارگەی حوسێنییە، مەزارگەی عەباسییە و هۆتێلەکانی سەر بە پارێزگا نیشتەجێن، ئەمە وێڕای حوسێنییەکان و هەندێک خانووی دیکە، کە خەڵک بێبەرامبەر پێشکێشیان کردووە".
بەشێک لە قوتابییەکانیان دەستبەرداری خوێندنەکەیان نەبوونە و لە عێراق درێژە بە خوێندن دەدەن. بەگوتەی غانمی گوتی، "نزیکەی 150 قوتابی لە قوتابخانەکانی کەربەلا تۆمارکراون".
رۆژی 27-10-2024، کەریم سەید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رەزامەندیی دراوە قوتابخانە بە سیستمی لوبنانی بکرێتەوە، مامۆستا و کارمەندەکانی ئەو لوبنانییانە دەبن، کە لە عێراق نیشتەجێن."
رۆژی 08-10-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سێ ملیار دیناری بۆ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران تەرخانکرد بۆ هاوکاریکردنی ئەو لوبنانییانەی روویان لە عێراق کردووە.
بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی، 1.3 ملیۆن لوبنانی ئاوارەبوون، بەشێکیان روویان لە عێراق کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ