گوتەبێژی کۆمیسیۆن بۆ رووداو: سێ تانە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، تەنیا سێ تانە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون.
ئەمڕۆ شەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئەمڕۆ لە سەرجەم هەرێمی کوردستاندا تەنیا سێ تانە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن لە نووسینگەکانمان تۆمارکراون. سبەی یەکشەممەش دوایین رۆژی تۆمارکردنی تانە دەبێت".
بە گوتەی جومانە غەلای، "دووان لەو سێ تانەیە لە نووسینگەی پارێزگای دهۆک و ئەوی دیکەشیان لە نووسینگەی سلێمانی تۆمارکراون؛ تاوەکو ئێستا لە هەولێر هیچ تانەیەک نەدراوە".
لەبارەی کاتی یەکلاییکردنەوەی تانەکان، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، "دەستەی دادوەریی سەر بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەماوەی 7 رۆژدا سەرجەم تانە تۆمارکراوەکان یەکلایی دەکاتەوە و دواتر کۆمیسیۆن ئەنجامی تانەکان رادەگەیێنێت."
رۆژی 31ـی مانگی رابردوو، دەرگای تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە.
20ـی مانگی رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. 30-10-2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکەی راگەیاند.
بەگوێرەی کۆمیسیۆن، پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی و یەکەمی هەڵبژاردنەکە بوو، دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە 23 کورسی دووەم و جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە 15 کورسی، سێیەمە.
هەروەها یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان 7 کورسی؛ رەوتی هەڵوێست چوار کورسی؛ کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سێ کورسی؛ بەرەی گەل دوو کورسی و هەریەکە لە گۆڕان و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستانیش کورسییەکیان بەدەستهێناوە.
هەندێک لە لایەنەکان ئەنجامەکەیان رەتکردەوە، لەنێویاندا کۆمەڵی دادگەری و دەڵێت، بەشدار نابن لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.