رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو ژمارەیەک پۆدکاستی دیکەی سەرنجڕاکێشی زانستی، هونەری، ئەدەبی، مێژوویی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، هەواڵی و تەندروستی، کە لەلایەن کەسانی شارەزا و بەئەزموون و گەنجانەوە ئامادە و پێشکێشدەکرێن دەخاتە بەردەستی وەرگرەکانی.
رۆژی شەممە، (2ـی نۆڤەمبەری 2024) وەرزی نوێی پۆدکاستەکانی رووداو دەستپێدەکات، لەم وەرزەدا رووداو لەسەر پلاتفۆڕمە جیهانییەکانی پۆدکاستدا هەفتانە 18 پۆدکاستی جۆراوجۆر بڵاودەکاتەوە، پۆدکاستەکانی رووداو، جیا لە ماڵپەڕی "podcast.rudaw.net" لەسەر ژمارەک ماڵپەڕی جیهانیی بەنێوبانگی پۆدکاستیش هەن.
لەسەر ئەپلیکەیشنی ئەپڵ پۆدکاست لە بەشی گەڕاندا بنووسن رووداو یان رووداو پۆدکاست، پۆدکاستەکانی رووداوتان نیشان دەدات، هەروەها لە پۆدکاست ئندێکس(Podcast Index)، و ئەمازۆن میوزیک و سپۆتیفای (Spotify)ـیش وەرگرانی رووداو دەتوانن بەدوای پۆدکاستەکانی رووداودا بگەڕێن.
بۆ ئەو کەسانەش کە سیستمی مۆبایلەکانیان ئەندرۆیدە، دەتوانن لەسەر ئەو پلاتفۆرمانە گوێ لە پۆدکاستەکانی رووداو بگرن: iHeart, Pocket Casts, Castbox, Podcast Addict.
جیا لەو پلاتفۆرمانە رۆژانە لە چەند کاتێکی جیاوازدا پۆدکاستەکانی رووداو لە رادیۆی رووداو لەسەر شەپۆلەکانی 102.7-102.9 بڵاودەبنەوە.
ئەزموونی بەرهەمهێنانی پۆدکاست بۆ یەکەمجار لەنێو میدیای کوردییدا لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداو لەساڵی 2023 بەشێوەیەکی فراوان دەستی بەوەشان کرد و ئێستا چوارەم وەرزی وەشانی پۆدکاست دەستپێدەکات.
پۆدکاستەکانی رووداو دەنگدانەوە و پێشوازییەکی بەرچاوی لێکراوە لەلایەن وەرگرانی لە سەرانسەری جیهاندا و تەنیا لە وەرزی سێیەمی پۆدکاستەکانی بە تێکڕا زیاتر لە 100ملیۆن بینینیان هەبووە لە پلاتفۆرمە جیاوازەکاندا.
دەنگ و ئاواز:
پۆدکاستێکی رۆشنبیریی هونەرییە، هەفتانە هونەرمەند مستەفا عەباس عەلی پێشکێشی دەکات و باسی ئاواز و میلۆدییە رەسەنە کوردییەکان دەکات، دەنگ و ئاواز، دەلاقەیەکی پڕ زانیاری دەبێت لەبارەی مێژووی زانراو و نەزانراوی هونەری کوردی.
دەنگ و ئاواز، نەوا و چریکەی مەقامی کوردی، ئاواز و میلۆدییە رەسەنە کوردییەکان دەخاتە بەرباس و باسی رۆڵی میوزیک لە بونیادنانی نەتەوە و گەلانی جیهان دەکات.
هونەرمەند مستەفا عەباس عەلی، لەبارەی پۆدکاستی دەنگ و ئاواز دەڵێت، ئەوەی من ئامانجمە لەم پۆدکاستەدا باسی بکەم، ئاواز و میوزیکی کوردی هیچی لە گەلانی سەردەستی دونیا و ناوچەکە کەمتر نییە و بەشێکی گرنگی میراتی کلتووری جیهانییە. من لە پۆدکاستی دەنگ و ئاواز لەگەڵ میوانەکانم هەوڵدەدەم بەشێوەیەکی زانستی بەگوێرەی ئەزموون و خوێندنەوەی خۆم باسی ژانر و بەشە جیاوازەکانی هونەری دەنگ و ئاوازی کوردی دەکەم.
ئەلف و بێ:
پۆدکاستێکی پەروەردەییە، هەفتانە نوور یوسف پێشکێشی دەکات. ئەلف و بێ، تایبەتە بە پەروەردەکردنی منداڵەکانمان، چۆن لە دۆخ و ساتە جیاوازەکاندا مامەڵەیەکی دروست و پەروەردەیەکی دروست لەگەڵ منداڵ و نەوەکانمان بکەین؟
ئەو هەڵە باوانە چین دایکان و باوکان لە پەروەردەکردنی منداڵ دەیکەن؟ ئەو خاڵ و پنتە شاراوانە چین کە لە منداڵەکانماندا هەن و دایک وباوکان نەیانتوانیوە پەی پێ ببەن و ئێمە چۆن پەرەیان پێبدەین بۆ ئەوەی ببنە نەوەیەکی دروست و تەندروست لەداهاتوودا.
نوور یوسف، دەڵێت، لە ئەلف و بێ هەفتانە باسی ئەلف و بێی پەروەردەیەکی دروست و گونجاو بۆ منداڵەکانمان دەکەین، لەگەڵ شارەزایانی پەروەردە و کەسانی بە ئەزموون پێکەوە گفتوگۆیەکی بەرهەمدار دەکەین لەپێناو نەوەیەکی تەندروست.
خەڵک و خاک:
پۆدکاستێکی مێژوویی و کلتوورییە، باسی ئەزموونی نەتەوەکانی جیهان و دەردە کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوەکانی ناوچەکە دەکات بە درێژایی هەزاران ساڵی رابردوو چۆن ئەو کێشانە بوونەتە هۆی تواندنەوەی چەندین شارستانیەت و نەتەوە لە ناوچەکەدا، ئاستەنگەکانی بەردەم دروستبوونی پرۆسەی نەتەوەسازی چین و چۆن ئەو ئاستەنگانە تێبپەڕێندرێت. هەفتانە بە میوانداری محەممەد مەسعود محەممەد و پێشکێشکردنی زانا کایانی و نالین حەسەن.
محەممەد مەسعوود محەممەد، لەبارەی پۆدکاستی خەڵک و خاک دەڵێت:" ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و میزۆپۆتامیا بە درێژایی مێژوو لانکەی شارستانییەتی زۆر گرنگ و بەهێزبوون، بۆچی کورد لەم ناوچە گرنگەدا نەیتوانی نەتەوەیەکی بەهێز و یەکگرتووبێت؟ هۆکارە بابەتییەکانی توانەوەی شارستانییەتی بابل و سۆمەر چی بوون؟ سرووشت و جوگرافیای ناوچەکان چ کاریگەرییەکی لەسەر گەلانی ناوچەکە هەبووە؟ هەفتانە لەگەڵ هاوکارانم باسی ئەمانە دەکەین".
شاکار:
پۆدکاستێکی ئەدەبییە و تایبەتە بە شاکارە ئەدەبییەکانی نێو کایەی ئەدەبی کوردی، هەفتانە نووسەر و رۆماننووس جەبار جەمال غەریب پێشکێشی دەکات.
نووسەر و رۆماننووس، جەبار جەمال غەریب دەڵێت،"بەدرێژایی کاروان و تەمەنی ئەدەبیم، هەمیشە خۆم بە قەرزارباری زۆر لەو شاعیر و هۆزانڤانە کوردانە زانیوە کە بە شاکارە ئەدەبییە باڵاکانیان، ئاستی ئەدەبی ئێمەیان بردووەتە قۆناخێکی باڵاوە."
جەبار جەمال غەریب لە شاکار دیوێکی دیکەی جیاوازی دەقە شیعرییەکانتان بۆ شرۆڤە دەکات و دەڵێت،"هەفتانە لە تۆڕی میدیایی رووداو، دەقە ئەدەبییەکان و شیعر و شاکارە ئەدەبییە باڵاکانی نێو ئەدەبیاتی کوردی شرۆڤە دەکەین."
رووداو کۆرنەر:
پۆدکاستێکی تایبەتە بە فێربوونی زمانی ئینگلیزی، رووداو کۆرنەر هەفتانە رێکان ئیسماعیل پێشکێشی دەکات و باسی بنەما سەرەتاییەکی فێربوونی زمانی ئینگلیزی دەکات.
ئەمڕۆ زمان تەنیا هۆکارێکی پەیوەندیکردن نییە، بەڵکو هۆکارێکی گرنگی دەستکەوتنی کار و پەرەپێدانی کار و پیشەکانمانە، لەرێگەی فێربوون و زانینی زمانی دیکەوە دەتوانین هەنگاو هەنگاو زیاتر نزیک ببینەوە لە ئامانجەکانمان.
رێکان ئیسماعیل دەڵێت، ئەمڕۆ زمانی ئینگلیزی یەکێکە لە زمانە گرنگ و زیندووەکانی جیهان، رووداو کۆرنەر، گۆشەیەکی نوێیە لەنێو میدیای کوردی بۆ هاندانی خوازیارانی زمانی ئینگلیزی، نیشاندانی رێگەیەکی دروست و زانستی بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی.
نەخۆشنامە:
نەخۆشنامە پۆدکاستێکی هۆشیاری تەندروستییە و هەفتانە لەلایەن هونەر رێبوار، پزیشکی پسپۆڕی فریاکەوتنەوە پێشکێش دەکرێت.
لە نەخۆشنامەدا هەفتانە چیرۆکە جیاوازەکان لە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان لەنێوان پزیشک و چارەخوازان وەکو هۆکارێک بۆ هۆشیاری و تێگەیشتنی زیاتر لە دۆخی تەندروستی و رووداوە لەناکاوەکان باسدەکرێت.
دکتۆر هونەر رێبوار دەڵیت:" هەفتانە لە نەخۆشنامە باسی گرفتە تەندروستییەکان و گرنگترین هەنگاوەکانی خۆپارێزی بۆ هاونیشتمانیان و چارەخوازان دەخەینەڕوو، نەخۆشنامە، پەیامێکی جیاواز و هۆشیارییە بۆ هاونیشتمانیان و هەموو شتێک لە پێناو تەندروستی مرۆڤ دەخەینە بەرباس".
یادەوەرییەکانی دۆزەخ:
پۆدکاستێکی مێژووییە، لەرێگەی گێڕانەوەی بیرەوەرییەوە رووداوەکان بە گوێگرو بینەران ئاشنا دەکات، سەلام سەعدی پێشکێشی دەکات و هەرجارەو میوانێکی دەبێت.
سەلام سەعدی، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی بیرەوەرییەکان دۆزەخ دەڵێت، زۆرن ئەو چیرۆکە نەگوتراوانەی کە قوربانی دەستی داپڵۆسین و ئەشکەنجەی زیندان و بەندیخانەکانی حکومەتی بەعسن. لە بیرەورییەکان دۆزخدا باسی چیرۆکی ئەو کەسانە دەکەین کە هەنگاوێک پێش گەیشتن بە مردن گەڕاونەتەوە، هەروەها هەوڵدەدەین لەم پۆدکاستەدا باسی ئەو دۆخ و ساتانە بکەین کە قوربانییەکان پێیدا تێپەڕیون و وەکو بەشێک لە مێژووی تۆمار نەکراو ماونەتەوە".
رووداوی جیهان:
رۆژانە رووداوی زۆر لە جیهاندا روودەدەن، رەنگە ئێمە تەنیا فریای ئەوە بکەوین بەشێکی ئەو هەواڵانە بزانین بەشێوەیەکی ئاسایی، بەڵام لە پۆدکاستی رووداوی جیهان لە رادیۆی رووداو، هەفتانە رۆژنامەڤان لهۆن نەسرەدین، ئیدیتۆر لە دیسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداو، گرنگترین رووداوی هەفتە لەسەر ئاستی جیهانی کە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی کوردستانی و جیهانی دەبێت، هەڵدەبژێرێت و شرۆڤەیان دەکات.
لهۆن نەسرەدین، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی رووداوی جیهان دەڵێت "سەرقاڵیی ژیان، وا لە مرۆڤ دەکات ئاگاداری هەموو هەواڵ و رووداوێکی شار و تەنانەت وڵاتەکەی خۆشی نەبێت، بەڵام ئێمە لە پۆدکاستی رووداوی جیهان، هەفتانە گرنگترین هەواڵ و رووداوەکانتان بۆ هەڵدەبژێرین و شرۆڤەی بابەتییانە بۆ گرنگترین رووداوی جیهان دەکەین، کە دەشێت کاریگەریی راستەوخۆی یان ناڕاستەوخۆی لەسەر تاکی کۆمەڵگەی کوردستانی هەبێت".
رووداوی عێراق:
ئەو رووداوانەی لە عێراق روودەدەن، کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر تەواوی باشووری کوردستان دەبێت، هەفتانە رۆژنامەڤان هەستیار قادر، ئیدیتۆری دیسکی عێراقیی تۆڕی میدیایی رووداو لەڕێگەی پۆدکاستی رووداوی عێراقەوە نوێترین زانیاری لەسەر رووداوەکان و شرۆڤە و لێکدانەوەی بابەتییانە بۆ گرنگترین رووداوی عێراق دەکات و زانیارییەکانی پشت پەردە دەخاتەڕوو، هەروەک لەگەڵ میوانی تایبەتمەند و شارەزا شرۆڤەی ورد و بابەتییانە بۆ رووداوەکان دەکات.
هەستیار قادر، ئامادەکار و پێشکێشکاری رووداوی عێراق دەڵێت "رۆژانە رووداوی چاوەڕواننەکراو و بەپەلە لە عێراق روودەدەن، بەشێک لەو هەواڵانە تەنیا بەشێوەیەکی رووکەش تەماشای دەکەین، ئێمە لە پۆدکاستی رووداوی عێراق دیوی پشتەوەی هەواڵ و رووداوەکان دەخەینەڕوو، لە پۆدکاستی رووداوی عێراق زانیاری نەگوتراوتان پێدەڵێین و بۆتان رووندەکەینەوە؛ لە پشتەوەی هەواڵەکاندا چی دەگوزەرێت."
بازاڕ:
بۆچی وڵاتێک پێشکەوتووترە لە وڵاتێکی دیکە؟ بۆچی کەسێک لە کەسێکی دیکە دەوڵەمەندترە و داهاتی زیاترە؟ دوو فرۆشیار بەتەنیشتی یەکەوەن، بەڵام یەكێکیان داهاتی لەوی دیکە زیاترە. گرنگترین رووداوە ئابوورییەکان چین و چ کاریگەرییەکیان لەسەر بازاڕ و جووڵەی بازاڕ دەبێت.
هەفتانە محەممەدی شێخ فاتیح لەڕێگەی پۆدکاستی بازاڕ لە رادیۆی رووداو، شرۆڤەی جموجووڵەکانی بازاڕ، ئاڵوگۆڕ و فرۆشتن دەکات، پێشکێشکار لە پۆدکاستەکەیدا باسی لێکەوتەی رووداوەکان لەسەر بازاڕ دەکات و فرۆشیاران و خاوەنکاران چۆن خۆیان لەگەڵ بازاڕی جیهانیدا بگونجێنن بۆ ئەوەی کاریگەری خراپی لەسەر کار و بەرهەمەکانیان نەبێت.
محەممەدی شێخ فاتیح دەڵێت "لە پۆدکاستی بازاڕ، سەرنجی سەرەکی ئێمە ئەوەیە هاونیشتمانی، خاوەنکار و کاسبکار بتوانن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی بازاڕ و جموجووڵی بازاڕدا خۆیان بگونجێنن، هەروەک باس لە گرنگترین ئەو رووداو و پێشهاتانەی هەفتە دەکەین، کە لێکەوتەیان لەسەر دۆخی ئابووریی وڵات و هاونیشتمانییان دەبێت."
5 خولەک:
پۆدکاستی پێنج خولەک، رۆژانە لە رادیۆی رووداو لە دوو کاتی جیاوازدا لەلایەن ئەدلین قاسم، پێشکێشدەکرێت، پۆدکاستی پێنج خولەک دیوێکی دیکەی هەواڵەکانە و رۆژانە لەماوەی پێنج خولەکدا هەواڵەکان پێشکێشدەکرێن و نوێترین و گرنگترین هەواڵەکانی هەر چوار بەشی کوردستان و جیهان دەخرێتە بەر گوێی بیسەرانی رادیۆی رووداو.
ئەدلین قاسم، پێشکێشکاری پۆدکاستی 5 خولەک دەڵێت،"هەواڵ و رووداو زۆرن، بەڵام ئێمە رۆژانە لە 5 خولەک گرنگترین هەواڵەکانی باشوور، باکوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان و جیهان دەخەینە بەر گوێی ئێوە، 5 خولەک بژاردەی گەرمترین و گرنگترین هەواڵەکانە."
چاوی سێیەم:
پۆدکاستی چاوی سێیەم، پۆدکاستێکی گفتوگۆئامێزە و لەلایەن رۆژنامەڤان حوسێن عومەر، بەرپرسی دیسکی رۆژئاوای کوردستان لە تۆڕی میدیایی رووداو پێشکشدەکرێت، لە پۆدکاستەکاندا تیشکدەخاتە سەر گرنگترین رووداو و پێشهاتە سیاسیی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی رۆژئاڤای کوردستان و سووریا، کە کاریگەری لەسەر دۆخی رۆژئاڤای کوردستان دەبێت و لەگەڵ میوانەکانیدا شرۆڤەی بابەتییانە بۆ رووداوەکان دەکات.
حوسێن عومەر، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی چاوی سێیەم دەڵێت "لە چاوی سێیەم بە هاوێنەیەکی بێلایەن و بابەتییانە لەگەڵ میوانەکانم شرۆڤەی رووداوەکانی سووریا و رۆژئاڤای کوردستان دەکەین و، باس لە لێکەوتەکانی لەسەر کۆمەڵگەی کوردستانی لە رۆژئاڤا دەکەین."
یاریگەی رووداو:
هەفتانە لەگەڵ رۆژنامەڤانانی دێسکی وەرزشی لە تۆڕی میدیایی رووداو، رێبوار محەممەد، ئیحسان تاهیر و سامان وڵاتژێری لە پۆدکاستی یاریگەی رووداوەوە شرۆڤە و باسی هەواڵ و رووداوە وەرزشییەکان دەبیستن، پێشکێشکارانی یاریگەی رووداو لە پۆدکاستی یاریگەی رووداودا باس لەو خول و یارییە جیهانییانە دەکەن، کە بۆ تۆی وەرگر جێی بایەخن، ئەوان پێکەوە شرۆڤەی هەواڵ و پێشهاتە وەرزشییەکان دەکەن و زانیاری نەبیستراوتان پێدەڵێن.
بەکاتی ئامەد:
پۆدکاستی بەکاتی ئامەد، پۆدکاستێکی هەفتانەیە گرنگی بە رووداو و پێشهاتە کۆمەڵایەتی، ئابووری سیاسی و فەرهەنگییەکانی باکووری کوردستان دەدات، لە پۆدکاستی بەکاتی ئامەد گرنگترین رووداوی هەفتە دەکرێتە رۆژەڤ و شرۆڤە و باسدەکرێت. هەفتانە ماشەڵڵا دەکاک، لە رێگەی پۆدکاستی بەکاتی ئامەد لەگەڵ میوانەکانی شرۆڤەی رووداوەکان دەکات و گفتوگۆیان لەسەر دەکات.
ماشەڵڵا دەکاک، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی بەکاتی ئامادە دەڵێت، "پۆدکاستی بەکاتی ئامەد جیاواز لە هەر پۆدکاستێکی دیکە، هەوڵێکە بۆ باسکردنی گرنگترین رووداو و پێشهاتەکانی باکووری کوردستان و بەڕۆژەڤکردنیان، هەروەک لە بەکاتی ئامەد باس لەو بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی و فەرهەنگییانە دەکەین، کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی هاونیشتمانیانی باکووری کوردستان دەبێت."
بەکاتی سلێمانی:
بەکاتی سلێمانی، پۆدکاستێکی هەفتانەیە، لەلایەن ئاسۆ سەراوی، رۆژنامەڤان لە تۆڕی میدیایی رووداو پێشکێش دەکرێت. هەفتانە ئاسۆ سەراوی، لەگەڵ میوانەکانی شرۆڤەی گرنگترین رووداو و پێشهاتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، خزمەتگوزاری و تەندروستی و ئابووری دەکات کە کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ژیانی هاونیشتمانیانی دانیشتووی سنووری سلێمانی و پارێزگای سلێمانی دەبێت. پێشکێشکار لە پۆدکاستی بەکاتی سلێمانی سەرنجی سەرەکی لەسەر دۆخی خزمەتگوزاری و گوزەرانی هاونیشتمانیانی سلێمانی دەبێت.
ئاسۆ سەراوی، ئامادەکار و پێشكێشکاری بەکاتی سلێمانی دەڵێت، "لە پۆدکاستی بەکاتی سلێمانی، هەوڵدەدەین گفتوگۆیەکی بەرهەمدار بۆ باسکردنی دیارترین گرفت و کێشەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بکەین لەماوەی هەفتەیەکدا، هەروەک لەگەڵ میوانەکانم بەدواداچوون بۆ سەرنج و گلەیی و گازەندەی هاونیشتمانیان لە سلێمانی و دەوروبەری دەکەم".
بەکاتی دهۆک:
بەکاتی دهۆک، پۆدکاستێکی هەفتانەیە، لەلایەن ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە دهۆک پێشکێشدەکرێت. هەفتانە ناسر عەلی، لەگەڵ میوانەکانی شرۆڤەی گرنگترین رووداو و پێشهاتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، خزمەتگوزاری، تەندروستی و ئابووری دەکات کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی هاونیشتمانیانی دانیشتووی دەڤەری بادینان و دەشتی نەینەوا دەبێت. پێشکێشکار لە پۆدکاستی بەکاتی دهۆک سەرنجی سەرەکی لەسەر دۆخی خزمەتگوزاری و گوزەرانی هاونیشتمانیانی دهۆک و دەڤەری بادینان و دەشتی نەینەوا و شنگال دەبێت.
ناسر عەلی، ئامادەکار و پێشکێشکاری بەکاتی دهۆک دەڵێت،"لە پۆدکاستی بەکاتی دهۆک سەرنجی ئێمە لەسەر گرفت و کێشە خزمەتگوزاری و ئاریشە کۆمەڵایەتییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و دەڤەری بادینان دەبێت، هەروەک هەوڵدەدەین لە پۆدکاستی بەکاتی دهۆک، سەکۆ و مینبەری هاونیشتمانیانی سنووری پارێزگای دهۆک، دەڤەری بادینان، دەشتی نەینەوا و شنگال بین."
لەگەڵ ئادەم:
هەفتانە ئادەم بێدار، لەڕێگەی پۆدکاستی لەگەڵ ئادەم لەگەڵ میوانەکانی گفتوگۆ لەسەر رووداوەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی دەکات لە روانگەی ئایینەکانەوە، بە ئامانجی ئەوەی تێگەیشتنێکی میانڕۆیی لەسەر کۆی ئەو رووداوانە بکرێت، کە کاریگەرییان لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی هەیە. گفتوگۆ لەبەرنامەی لەگەڵ ئادەم بە ئاراستەی رێزگرتن و یەکترقبووڵکردنی هەموو ئایینەکانە لەنێو کۆمەڵگەی کوردستانیدا.
لە پۆدکاستی لەگەڵ ئادەم هەوڵدەدرێت تێگەیشتنێکی بابەتییانە بۆ هەموو ئەو بابەتانە بکرێت کە لێکەوتەی کۆمەڵایەتی، ئابووری و دەروونی لەسەر ژیانی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان دەبێت.
ئادەم بێدار، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی لەگەڵ ئادەم دەڵێت،"لە پۆدکاستی لەگەڵ ئادەم، هەوڵدەدەین گفتوگۆیەکی هێمنانەی بەرهەمدار بەئاراستەی تێگەیشتن و تێڕوانینی هاوبەش بۆ گرنگترین رووداوەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی لە دیدی ئایینەکانەوە باسبکەین و جەخت لەسەر بەهاکانی پێکەوەژیان و لێبووردەیی بکەینەوە".
مژار:
مژار جیاواز لە هەموو پۆدکاست و پرۆگرامێکی دیکەیە، رۆژانە بازنەی یەکەمی گرنگیپێدانی ئەم پۆدکاستە کە لەلایەن محەممەد رەحیم پێشکێش دەکرێت، گرفت و کێشەکانی هاونیشتمانییانە. لە پۆدکاستی مژار، هاونیشتمانیان دەتوانن لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە گرفت و کێشەکانیان باس بکەن و تۆڕی میدیایی رووداو لەرێگەی بەش و ناوەندەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی هەواڵ و راپۆرتی رۆژنامەوانییەوە، کار دەکات بۆ ئەوەی بەدواداچوون و راپۆرتی بنکۆڵکاری بۆ کێشە و گرفتەکان بکات و وەڵامی گرفت و پرسیارەکانی هاونیشتمانیان وەربگرێت.
محەممەد رەحیم ئامادەکار و پێشکێشکاری مژار دەڵێت "تەنیا خستنەڕووی کێشە و گرفتەکان بەس نییە، بەڵکو بەدواداچوون و بنکۆڵکاری بۆ کێشە و گرفتی هاونیشتمانیان ئەرکی سەرەکیی ئێمەیە، مژار، سەکۆ و دەنگی هاونیشتمانییانە و ئێمەش بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانیان دەکەین لەگەڵ لایەنی بەرپرس و پەیوەندیدار."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ