بژاردەکانی زانکۆی گەرمیان بۆ خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی: دەستپێکردنەوەی دەوام یان دواخستنی وەرزی یەکەم

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکایەتیی زانکۆی گەرمیان لەبارەی بایکۆتی زیاتر لە مانگێکی خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی زانکۆکەیان بە راگرایەتی بەشەکە دەڵێت، "رای مامۆستایان و نوێنەری خوێندکاران وەربگرن سەبارەت بە دەستپێکردنی دەوام، دواخستنی وەرزی یەکەم یان دواخستنی ساڵی خوێندنی 2023-2024."
 
زانکۆی گەرمیان دوو نووسراو ئاراستەی کۆلێژی پزیشکی زانکۆکە دەکات و سێ بژاردە بە خوێندکارانی ئەو کۆلێژە دەدات کە زیاتر لە مانگێکە بەهۆی دابینکردنی هەندێک پێداویستی کۆلێژەکەیان بایکۆتیان کردووە کە ئەوانیش دەستپێکردنی دەوام، دواخستنی وەرزی یەکەم یان دواخستنی ساڵی خوێندنی 2023-2024.
 
رۆژی پێنجشەممە 02-11-2023 ئەحمەد غازی، نوێنەری خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چوارشەممەی رابردوو سەرۆکایەتیی زانکۆی گەرمیان نووسراوێکی ئاراستەی راگرایەتی کۆلێژ کرد و داوای کردووە سێشەممە 31ـی مانگی رابردوو لەگەڵیان کۆببینەوە، بەڵام وەڵامان نەدانەوە دواتر هەر رۆژی سێشەممە نووسراوێکی دیکەی کرد و داوای کرد ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆببینەوە، بەڵام ئێمە وەڵامیان نادەینەوە."
 
لە نووسراوی یەکەمدا کە سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان ئاراستەی راگرایەتی کۆلێژەی پزیشکی زانکۆکەی کردووە تێدا هاتووە، "زیاتر لە مانگێک بەسەر ساڵنامەی کۆلێجەکەتاندا رۆیشتووە و خوێندکارانی کۆلێژەکەتان بەهۆی چەند داواکارییەکەوە [دانپێدانانی زانکۆ، نەخۆشخانەی فێرکاری، ستاف] دەوام ناکەن، لە ماوەی رابردوودا ئەوەی لە توانای زانکۆ و وەزارەتدا بووە بۆ  ئەو سێ داواکارییە کراوە و تا کۆتاییش بەردەوام دەبین و ئەمە بە ئەرکی خۆمان دەزانین و پێشتر بۆ خوێندکاران، رۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی راگەیاندنیش بە بەڵگەوە خراوەتەڕوو."
 
ئاماژە بەوەشکراوە، "لە سۆنگەی ئەو دەسەڵاتەی کە لە مادەی 15 یەکەم لە یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا ژمارە 10ـی ساڵی 2008 بە راگری کۆلێج دراوە و لە پێناو پاراستنی ساڵێکی خوێندنی خوێندکاران و پیادەکردنی بنەماکانی خوێندنی کۆلێجە پزیشکییەکان بە رەچاوکردنی توانای واقعی زانکۆ و ژێرخانی تەندروستی لە گەرمیان پێویستە تاوەکو رۆژی سێشەممە 31-10-2023 بە فەرمی رای سەرجەم مامۆستایانی کۆلێژەکەتان و نوێنەری خوێندکارانی سەرجەم قۆناخەکان وەربگرن."
 
لەبارەی رای مامۆستایان و نوێنەری خوێندکاران لە نووسراوەکەی سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان هاتووە، "رای خۆتان سەبارەت بە چارەنووسی ئەم ساڵی خوێندن [دەستپێکردنی دەوام یان دواخستنی سمیستەری یەکەم یان دواخستنی ساڵی خوێندنی 2023-2024] وەربگرن، ئاراستەی سەرۆکایەتی زانکۆی بکەن، بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنی داهاتووی زانکۆمان لەبەر رۆشنایی یاسا و رێنوێنییە بەرکارەکان بڕیار و پێشنیازی دروستیان لەبارەوە بدەین."
 
لە نووسراوی دووەمدا، سەرۆکایەتیی زانکۆی گەرمیان جەختی لە نووسراوی یەکەمی کردووەتەوە و بە هەمان شێوە دەڵێت، "را سەبارەت بەم خاڵانە وەربگرن، یەکەم؛ دەستپێکردنەوەی دەوام بە دابینکردنی وانەبێژ بۆ چەند مادەیەکی ماوە ئەگەر دەتوانن، دواخستنی سمیستەری یەکەم  یان دواخستنی ساڵی نوێ خوێندن ئەگەر ناتوانن مامۆستا دابین بکەن."
 
ئەحمەد غازی، نوێنەری خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان لەبارەی هەردوو نووسراوەکە دەڵێت، ئاراستەی گردبوونەوەکانیان گۆڕاوە و ئێستا لە دەباشان گردبوونەوە دەکەن و بڕیارە یەکشەممەش لەوێ درێژە بە گردبوونەوە بدەن. دەشڵێت، "تاوەکو داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکرێت ناگەڕێینەوە هۆڵەکانی خوێندن."
 
لە 25ـی 9ـی 2023ـەوە خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە و داوا دەکەن بگوازرێنەوە بۆ زانکۆکانی دیکە، چونکە زانکۆکەیان ناتوانێت زۆربەی پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکات، بە نموونە تاوەکو ئێستا لە سنوورەکەیان نەخۆشخانەیەکی فێرکاری نییە بۆ ئەوەی بە کرداری وانەکانیان بخوێنن. هاوکات ئەو کۆلێژە پێویستی بە گواستنەوەی راژەی 14 پزیشکە لە تەندروستیی گەرمیان بۆ کۆلێژەکە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 29-10-2023، شاندێکی وەزارەتى خوێندنى باڵا بەسەرۆکایەتى د.عەبدوفەتاح عەبدولڕەزاق، بریکارى وەزارەت، د.ئامانج عەبدوڵڵا سەعید، راوێژکارى وەزیر، د.خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەرى گشتىی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و راگرى کۆلێژى پزیشکى زانکۆی گەرمیان، سەردانى وەزارەتى تەندروستییان کرد و لەلایەن د.سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستى و د.رەهێڵ فەرەیدون، بریکارى وەزارەت پێشوازییان لێکرا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەی کۆبوونەوەکە، "د.سامان بەرزنجی، ئامادەیى پێشانداوە بۆ دەستەبەرکردنى ستافى پێویست بۆ کۆلێژەکە لەڕێگەى گواستنەوەیان بۆ سەر میلاکى کۆلێژى پزیشکى و دواتریش تەنسیبکردنەوەیان بۆ سەر وەزارەتى تەندروستى بە رەچاوکردنی رێوشوێنە زانستی و کارگێڕییەکان هەروەها ئامادەییەکى وەزارەتەکەى خستەڕوو، بەتایبەت پرسی دابینکردنی ستافی ئەکادیمی و گۆڕینی پۆڵێن بەندی نەخۆشخانەکانی گەرمیان بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری."