رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیێنێت، داواکاریی کردنەوەی مەرزی سازانیان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە گەیاندووەتە سەرۆککۆماری ئێران، دەشڵێت، ئیبراهیم رەئیسی بڕیاریدا هێڵی شەمەندەفەری سنە تاوەکو دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ درێژبکرێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 02-11-2023، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێکی دوو رۆژە گەیشتە پارێزگەی سنە، لە فڕۆکەخانەی شارەکە لەلایەن بەرپرسانەوە پێشوازی لێکرا، دواتر هێڵی شەمەندەفەری سنە - هەمەدانی کردەوە.
لە رێوڕەسمی کردنەوەی هێڵەکەدا، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئامادە بوو. لە پۆستێکی فەیسبووکدا نووسیویەتی، "بەشداریمان کرد لە کردنەوەی وێستگەی شەمەندەفەری سنە و هێڵی شەمەندەفەری کوردستان، لە مەراسیمەکەدا بە فەرمیی پێشوازی و بەخێرهاتنی پارێزگاری سلێمانی کرا، سەرۆککۆماری ئێران بڕیاریدا هێڵی شەمەندەفەری کوردستان (سنە) تاوەکو دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ درێژبکرێتەوە و ئەم هێڵە بە هێڵی ناوخۆی و نێودەوڵەتیی ئێرانەوە ببەسترێتەوە و پەیوەندی و ئاڵوگۆڕە بازرگانی و ترانزێتییەکان لەگەڵ هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ و پەروێزخان بەهێزتر بکرێت."
هێڵی شەمەندەفەری هەمەدان - سنە، کە درێژییەکەی 151 کیلۆمەترە، بەشێکە لە پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەری تاران - هەمەدان - سنە، کە درێژییەکەی 420 کیلۆمەترە و تێچووی پڕۆژەکەش دوو تریلیۆن و 400 ملیار تمەنە.
لە قۆناخی یەکەمدا، هێڵەکە لە توانایدایە ساڵانە 300 هەزار کەس و 600 هەزار تۆن شتومەک بگوازێتەوە؛ لە قۆناخی کۆتاییدا لە توانایدا دەبێت ساڵانە 600 هەزار کەس و سێ ملیۆن تۆن کەلوپەل بگوازێتەوە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر کە لە وێنەکاندا لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران دەردەکەوێت، هەروەها نووسیوویەتی: "داوای کردنەوەی مەرزی سازان لە پارێزگای هەڵەبجەشمان گەیاندە بەڕێز سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران، بە ئومێدی ئەوەی لە ئایندەدا ئەم مەرزەش بە فەرمیی بکرێتەوە."
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی داوە لەسەر کردنەوەی مەرزی سازان لە پارێزگای هەڵەبجە.
مەرزی سازان دەکەوێتە گوندی سازانی پارێزگای هەڵەبجە کە هاوسنوورە لەگەڵ ئێران و پارێزگای هەڵەبجە و پارێزگای کرماشان پێکەوە دەبەستێتەوە.
بە گوتەی هەڤاڵ ئەبوبەکر، وەزیری رێگاوبان و شارسازیی ئێران بە فەرمیی بانگهێشتی کردووە بۆ تاران، بەمەبەستی گفتوگۆی زیاتر لەسەر هێڵی شەمەندەفەری کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ