هاتووچۆی سلێمانی: لە حەوت مانگدا نزیکەی 600 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیێنێت، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا نزیکەی 600 رووداوی هاتووچۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی روویانداوە کە بەهۆیانەوە نزیکەی دوو هەزار و 300 کەس بوونەتە قوربانی.
رائید بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات رایگەیاند، ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆ "جێگەی دڵخۆشی نین،" هەرچەندە لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی دیکە دەگۆڕێت، بەڵام "تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان پلانێکی درێژمەودا و ستراتیژییمان نییە بۆ ئەوەی ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆ نزیک بکەینەوە لە سفر و کەمی بکەینەوە."
لە حەوت مانگی سەرەتای ئەم ساڵ، بەپێی ئامارەکانی هاتووچۆی سلێمانی نزیکەی 600 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە کە بەهۆیانەوە 92 کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و 189 کەسی دیکەش برینداربوون.
بە گوتەی بەهمەن عەبدوڵڵا، لە ساڵی 2022دا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەزار و 44 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و بەهۆیانەوە 174 کەس گیانیان لەدەستداوە، سێ هەزار و 843 کەسیش برینداربوون.
تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی نوێ لە بەڕێوەبەرایەتییەکە پرسێکی دیکە بوو کە بەهمەن عەبدوڵڵا گفتوگۆی لەسەرکرد، گوتی، "تاوەکو سەرەتای مانگی ئابی ئەم ساڵ 686 هەزار و 63 ئۆتۆمبێل تۆمارکراون کە تابلۆکانیان سلێمانیە و لەو ژمارەیە زۆرینەی لە جۆری تایبەتن کە 372 هەزار و 936 ئۆتۆمبێلن، 36 هەزار و 762 ئۆتۆمبێلیشیان تاکسین."
لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی لە پارێزگای سلێمانی هەڵگری مۆڵەتی شۆفێرین بە هەموو جۆرەکانییەوە، رائید بەهمەن عەبدوڵڵا گوتی، لە تەواوی سنووری پارێزگاکە 647 هەزار و 203 کەس خاوەنی مۆڵەتی شۆفێرین.
لەماوەی رابردوودا چەندین جار هاونیشتمانییان و شۆفێرانی بارهەڵگرەکان پەیوەندییان بە بەرنامەی مژار لە رادیۆی رووداو کردووە و ئاماژەیان بەوە کردووە، "ئێمە شۆفێری بارهەڵگرین و بۆ خەڵک مانگانە کار دەکەین و مۆڵەتی گشتیمان هەیە، بەڵام لە سیستمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە هیی خۆمان نییە، مۆڵەتی شۆفێری بارهەڵگرمان بۆ نوێ ناکرێتەوە."
گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت، "سیستمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری زۆر کارێکی باش بووە، چونکە لە سیستمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری هەموو جۆرەکانی ئۆتۆمبێل جیاکراوەتەوە و بەگوێرەی ئەو ئۆتۆمبێلەی کەسەکە هەیەتی مۆڵەتەکەی بۆ نوێ دەکرێتەوە... ئەوانەی کە مۆڵەتی گشتییان هەیە و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لێ دەخوڕن، بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان دەبێت لەسەر ئەو بارهەڵگرە تاقیکردنەوە بکات و مامەڵەی نوێکردنەوەی مۆڵەتەکەی لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلە بێت کە کاری پێدەکات، تەنانەت ئەگەر بەناوی خۆیەوە نەبێت."