رووداو دیجیتاڵ
موحەڕەم تەکین، سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی کاسبکاران و پیشەوەرانی جۆلەمێرگ رۆژی 2-11-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەروازەی دەرەجیک (رووبارۆک) کەموکوڕیی زۆری تێدایە و ئەوان هەنگاوی نوێ دەنێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
ئەگەرچی ئایاری ئەم ساڵ لە رێوڕەسمێکدا و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی هەردوولا دەروازەی رووبارۆک-زێت لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کرایەوە، بەڵام هێشتا کەموکوڕیی زۆری هەن و بەڕووی بازرگانیدا نەکراوەتەوە.
لەمبارەیەوە موحەڕەم تەکین باسی ئەو کەموکوڕییانەی بۆ رووداو کرد و جەختیکردەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاوی نوێ دەنێن و گوتی: "ئەگەر پێویست بکات دەست بە کەمپەینی نوێ دەکەین. هەروەها دیدار لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەکەین. بێگومان ئەم دەروازە سنوورییە سوودی زۆری بۆ ناوچەکەمان و وڵاتەکەمان هەیە. بەڵام دەبێت بەڕووی بازرگانیدا بکرێتەوە. ئێستا تەنیا لەکاتی دەوامدا هاتووچۆ هەیە، رۆژانی پشووی هەفتە داخراوە. هەر بۆیە قەرەباڵخیی زۆری لەسەرە. هەر چۆنێک بێت پێویستە هاتووچۆ لەم دەروازەیەدا بکرێتە 24 کاژێری".
تەکین باسی لەوە کرد جۆلەمێرگ لە ناوچەیەکدایە سنووری لەگەڵ عێراق و ئێرانیش هەیە، بەڵام دەروازەکانی ئەو سنوورانە بەگوێرەی پێویست چالاک نەکراون کە سوودیان بۆ خەڵکی ناوچەکە هەبێت.
جۆلەمێرگ "تاکە پارێزگایە کە ناوچەی پیشەسازیی نییە"
سەبارەت بە کۆچی خەڵکی جۆلەمێرگ، موحەڕەم تەکین باسی لەوە کرد، جۆلەمێرگ تاکە پارێزگایە لە نێو 81 پارێزگاکەدا کە ناوچەی پیشەسازیی نییە و پێیوایە ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر خەڵک دروستکردووە و جموجووڵی کاری هێواشکردووەتەوە و هەلیکاریش کەمە.
تەکین گوتی: "لە ماوەی 5 ساڵی رابردوودا تەنیا لە پارێزگای هەکارییەوە 11 هەزار و 137 کەس کۆچیانکردووە، بەداخەوە. زۆرینەی ئەوانەی کۆچیان کردووە گەنجن. بەگوێرەی بەدواداچوونی خۆمان، دەرکەوتووە کە زۆرینەی ئەوانە بەهۆی خراپیی دۆخی دارایی و گوزەرانیانەوە جۆلەمێرگیان جێهێشتووە. ئەوان لەبەر ئەوەی نەیانتوانیوە کارێک بۆ خۆیان بدۆزنەوە بۆیە ئەو بڕیارەیان داوە".
تەکین: چالاکبوونی دەروازەکان کۆچی گەنجانیش کەمدەکاتەوە
سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی کاسبکاران و پیشەوەرانی جۆلەمێرگ جەختیشی کردەوە کرانەوەی ئەو دەروازانە دەبێتە هۆکاریک بۆ کۆتاییهینان بەو کۆچەی هاونیشتمانیان لە پارێزگاکەیاندا. ئەمە لەکاتێکدایە ئەوانەی کۆچ دەکەن زۆربەیان روو دەکەنە گەورەشارەکانی تورکیا و لەوێدا کار بۆ خۆیان دەدۆزنەوە. یان روو دەکەنە ئەوروپا.
دەروازەی زێت، کە دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سۆران لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا رۆژی 10-5-2023 لە رێوڕەسمێکدا کرایەوە. دیوی لای باکووری کوردستان و تورکیا بە رووبارۆک (دەرەجیک) دەناسرێت. ئەوکاتە ئەکرەم چەتین کایا، سەرۆکی شارەوانیی رووبارۆک بە شەوکەت هەرکی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە هاوئاهەنگی لە نێوان بەرپرسانی هەردوولا (تورکیا و هەرێمی کوردستان) هاتووچۆی هاووڵاتیان لەو دەروازەوە دەستپێدەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ